Accessibility links

کۆریای باکوور کۆمەڵێک موشەک تاقی دەکاتەوە


چەند کاتژمێرێک دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن کۆتایی بە گەشتەکەی هێنا بۆ ئاسیا، کۆریای باکوور سێ موشەکی هەڵدا، یەکێکیان باوەڕوایە گەورەترین موشەکی کیشوەربڕ بووبیت.

جێگری ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی کۆریای باشوور وتی کۆریای باکوور وادەردەکەوێت " کۆمەڵێک تاقیکردنەوەی " بە ئامێرێکی تەقینەوە ئەنجامدابێت، ئەوەش وەکو ئامادەکارییەک بۆ حەوتەمین تاقیکردنەوەی ناوەکی وڵاتەکە، وتیشی بەڵام " پێناچێت ئەو تاقیکردنەوەیە ڕۆژانی داهاتوودا ئەنجام بدرێت و دواتر ئەنجام دەدرێت."

سوپای ئەمەریکا و کۆریای باشوور وتیان وەکو وەڵامێک، ئەمەریکا و کۆریای باشوور مەشقێکی سەربازیی هاوبەشییان ئەنجامدا، لە مەشقەکەدا موشەکی زەوی بۆ زەوی تاقیکراویەوە و سیستمی موشەکی ئاڕمی تاکتیکاڵی ئەمەریکی و سیستمی موشەکی هیونمۆ – 2 ئێس ئاڕ بی ئێمی کۆریای باشوور بەکارهێندران.

وەزارەتی بەرگری کۆریای باشوور وتی لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا لەگەڵ وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن، وەزیری بەرگری کۆریای باشوور داوای ڕەوانەکردنی چەکە ستراتیژییەکانی ئەمەریکای کردووە و هەردوولا ڕێکەوتوون لەسەر پتەوکردنی هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و بەرپەرچدانەوەی کارە وروژێنەرەکانی کۆریای باکوور.

سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی کۆریای باشوور وتی " نیاز لە دەرخستنی هێزی سوپاکانمان تیشک خستنەسەر سووربوونمانە بۆ وەڵامدانەوەی هەر کارێکی وروژێنەری کۆریای باکوور، بە تاقیکردنەوەی موشەکی کیشوەربڕیشەوە، هەروەها دەرخستنی توانا و ئامادەییمانە بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر سەرچاوەی ئەم کارە وروژێنەرانە."

کۆریای باکوور لەم ساڵدا کۆمەڵێک موشەکی تاقیکردۆتەوە، لە موشەکی دەنگبڕەوە بۆ موشەکە کیشوەربڕە گەورەکانی، ئەمەش یەکەمین جارە لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا پیۆنگیانگ موشەکی کیشوەربڕ تاقی بکاتەوە. هەروەها وادەردەکەوێت ئامادەکاری بکات بۆ ئەنجامدانی یەکەمین تاقیکردنەوەی ناوەکی لە ساڵی 2017 ەوە.

بەرپرسانی ئەمەریکا و کۆریای باشوور لەمدواییانەدا هۆشدارییاندا لەسەر ئەوەی وادەردەکەوێت کۆریای باکوور ئامادە بێت بۆ تاقیکردنەوەیەکی موشەکی دیکە لە میانەی سەردانەکەی بایدندا بۆ ناوچەکە، کە یەکەمین گەشتی بایدن بوو بۆ ئاسیا و لە کۆریای باشوور لەگەڵ سەرۆکی نوێی ئەو وڵاتە یوون سوک ییۆلدا کۆبۆوە.

سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی کۆریای باشوور وتی ڕۆژی چوارشەممە لە کەمتر لە کاتژمێرێکدا سێ موشەک لە ناوچەی سونانی پیۆنگیانگی پایتەختی کۆریای باکوورەوە هەڵدراون، کە لەوێ فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکەی بووەتە ناوەندی تاقیکردنەوەی موشەکەکانی.

جێگری ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی کۆریای باشوور کیم تای هیۆ وتی وادەردەکەوت یەکەمین موشەک گەورەترین موشەکی کیشوەربڕی کۆریای باکوور بووبێت، هواسۆنگ – 17 ، دووەم موشەک موشەکێکی دیارینەکراو بوو و وادەردەکەوێت لە ناوەڕاستی فڕینەکەیدا شکستی هێنابێت. سێیەم موشەک موشەکێکی باڵیستیکی مەودا کورت بووە.

سەرچاوەیەکی سەربازیی لە سیئۆلی پایتەختی کۆریای باشوور بە ڕۆیتەرزی وت موشەکی دووەم و سێیەم باوەڕوایە موشەکی باڵیستیکی مەودا کورتی کەی ئێن – 23 بووبێتن، کە سەرەتا لە ساڵی 2019 دا تاقیکرایەوە و شارەزایان دەڵێن مەبەست لە دروستکردنی خۆدزینەوەیە لە سیستمە بەرگرییە موشەکییەکان، ئەوەش بەهۆی ئەوەوە کە ئەم موشەکە بە نزمی دەڕوات.

کیم وتی " پێمان وایە ئەمە نیازێکی سیاسیی لە پشتەوە بووە، تاقیکردنەوەی ئامادەیی بەڕێوبەرایەتییە نوێیەکەمانە لەڕووی ئاسایشەوە و ناردنی پەیامێک بۆ کۆریای باشوور و ئەمەریکا دوای ئەوەی سەرۆک بایدن ڕۆیشت."

سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی کۆریای باشوور وتی لە تاقیکردنەوەکەی ڕۆژی چوارشەممەدا، موشەکە کیشوەربڕەکەی کۆریای باکوور 360 کم ڕۆیشتووە و 547 کم بەرز بۆتەوە، موشەکە مەودا کورتەکەشی 760 کم ڕۆیشتووە و 60 کم بەرزبۆتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG