Accessibility links

لیژنەی هەواڵگری کۆریای باشوور: نوێنەری پێشووی کۆریای باکوور بۆ ئیتاڵیا هەڵهاتووە بۆ کۆریای باشوور


باڵیۆزخانەی کۆریای باکوور لە ئیتاڵیا

یاسادانەرانی کۆریای باشوور دەڵێن دیبلۆماتێکی باڵای کۆریای باکوور کە لە ساڵی 2018 دا لە ئیتاڵیا دیارنەما ئێستا لە کۆریای باشوور دەژی و حکومەتی ئەو وڵاتە پارێزگاری لێدەکات.

ئەگەر ئەو قسەیە پشتڕاست ببێتەوە ئەوا نوێنەری پێشووی کۆریای باکوور بۆ ئیتاڵیا جۆ سۆنگ گیل لە ساڵی 1997 ەوە باڵاترین بەرپرسی کۆریای باکوور دەبێت کە هەڵبێت بۆ کۆریای باشوور، دوای ئەوەی لە ساڵی 1997 دا بەرپرسێکی باڵای حیزبی فەرمانڕەوای کۆریای باکوور هوانگ ژانگ یۆپ هەڵهات بۆ کۆریای باشوور.

پێشتریش دەزگای سیخوڕی کۆریای باشوور بە یاسادانەرانی وڵاتەکەیان ڕاگەیاندووە کە جۆ و خێزانەکەی لە مانگی یانزەی ساڵی 2018 دا ماڵەکەیان لە ڕۆما جێهێشتووە و لە دەرەوەی ئیتاڵیا لە شوێنێکی دیارینەکراو پارێزگارییان لێکراوە.

ئەندامی لیژنەی هەواڵگری ئەنجومەنی نیشتیمانی کۆریای باشوور ها تای کیونگ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نوسیویەتی لە مانگی حەوتی ساڵی 2019 دا جۆ گەیشتۆتە کۆریای باشوور و لەژێر پارێزگاری حکومەتی کۆریای باشووردا لەوێ دەژی.

سەرۆکی لیژنەکە جیۆن های چیۆل دواتر بە ڕۆژنامەنووسانی وت جۆ خۆبەخشانە هاتووە بۆ کۆریای باشوور و وتوویەتی چەند جارێک هەوڵیداوە بێتە وڵاتەکە. وتیشی جۆ نەیویستووە هاتنەکەی بۆ کۆریای باشوور بە ڕاگەیاندنەکان بوترێت بەهۆی ئەوەی نیگەرانی خزمەکانی بووە لە کۆریای باکوور.

سەرچاوە/ ئەسۆشیەتد پرێس

XS
SM
MD
LG