Accessibility links

پیۆنگیانگ هەڵکوتانە سەر باڵیۆزخانەکەی لە مەدرید بە کارێکی تیرۆریستی لە قەڵەم دەدات


پیۆنگیانگ سەرکۆنەی هەڵکوتانەسەر باڵیۆزخانەکەی کرد لە مەدرید لە مانگی ڕابردوودا و وتی ئەو ئەرکە هێرشێکی تیرۆریستی مەترسیدارە.

کۆمەڵێکی نەناسراو لە 22 ی مانگی دوودا هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی کۆریای باکوور لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا، ئەمەش چەند ڕۆژێک پێش ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ و ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون لە هانۆی پایتەختی ڤیێتنام کۆببنەوە.

دوای چەند مانگێک لە بێدەنگییەکی تەواو، دادوەرێکی ئیسپانیا زانیارییەکانی سەبارەت بە ئەرکەکە و هێرشبەرەکان ئاشکرا کرد و فەرمانێکی دەستگیرکردنی نێودەوڵەتییان بۆ دەرکراوە.

دواتر کۆمەڵەی " شیۆلیما بۆ بەرگری مەدەنی " بەرپرسیارێتی هێرشەکەیان ڕاگەیاند و ڕوونیان کردەوە هەوڵیانداوە بە ئەنجامدانی ئەم کارە تیشک بخەنە سەر چالاکیەکانی باڵیۆزخانە سیاسییە نایاساییەکانی پیۆنگیانگ.

لە یەکەمین کاردانەوەی فەڕمیدا لەسەر ئەرکەکە، کۆریای باکوور ئاماژەی بەوەدا ئەگەری ئەوە هەیە ئەمەریکا دەستی هەبووبێت لەو کارەدا. هەروەها داوای لە ئیسپانیاش کرد " تیرۆریستان و ئەوانەشی کە دەیانجوڵێنن ڕادەستی دادگایان بکات."

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باکوور لە بەیاننامەیەکدا کە دەزگای هەواڵی فەڕمی کۆریای باکوور بڵاویکردەوە دەڵێت " لە 22 ی مانگی دوودا هێرشێکی تیرۆریستی مەترسیدار ڕوویدا، کۆمەڵێک چەکدار هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی کۆریای باکوور لە ئیسپانیا."

وتیشی " چاوەڕێی کاربەدەستانی ئیسپانیا دەکەین بەشێوەیەکی بەرپرسیارانە و بەتەواوەتی لێکۆڵینەوەکان لەم ڕووداوە تەواو بکەن."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG