Accessibility links

هەیڵی : بژاردەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە کۆریای باکوور تەواو بوون


نوێنەری وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان نیکی هەیڵی وتی بژاردەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە کۆریای باکوور تەواو بوون و واشنتن ناچار دەبێت بابەتەکە ئاڕاستەی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا بکات.

هەیڵی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێنی ئەمەریکیدا وتی " لەم قۆناغەدا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەڕێژەیەکی بەرچاو بژاردەکانمان تەواو بوون." وتیشی زۆر دڵخۆشە بەوەی دۆسییەی کۆریای باکوور بداتە دەست وەزیری بەرگری ئەمەریکا جەیمس ماتیس.

لێدوانەکانی هەیڵی ئاماژە بەوە دەدەن کە ئەمەریکا پاشەکشە ناکات لە هەڕەشەکانی بۆ پەنابردنە بەر کرداری سەربازیی دژی کۆریای باکوور لەکاتێکدا کە هەموو سەرکردەکانی جیهان لەم هەفتەیەدا لە نیویۆرک بەشداری لە کۆبوونەوەی کۆمەڵگەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دەکەن.

ڕۆژی پێنجشەممە کۆریای باکوور موشەکێکی دیکەی بەسەر ژاپۆندا هەڵدا و کەوتە ناو دەریای هێمنەوە و ئەوەش وەک وەڵامدانەوەیەکی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر کۆریای باکوور بوو.

چین داوای لە ئەمەریکا کرد کۆتایی بە هەڕەشەکانی بهێنێت دژی کۆریای باکوور.

هەیڵی وتیشی " ئەگەر کۆریای باکوور لەسەر ئەم ڕەفتارانەی بەردەوام بێت و ئەمەریکا ناچار بێت بەهەر شێوەیەک بێت بەرگری لە خۆی و هاوپەیمانەکانی بکات ئەوا کۆریای باکوور دەڕووخێت. هەموومان ئەوە دەزانین بەڵام کەسمان ئەوەی ناوێت. کەس لە ئێمە جەنگی ناوێت."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG