Accessibility links

هەیڵی لەگەڵ سەرۆکی دەزگای نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیدا باس لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران دەکات


باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی چوارشەممە چاوی بە سەرۆکی دەزگای نێودەوڵەتی بۆ وزەی ئەتۆمی کەوت و باسیان لە پابەندبوونی ئێران بە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ساڵی 2015 ەوە کرد کە لەنێوان ئێران و وڵاتانی زلهێزی جیهاندا بەستراوە.

سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ چەند جارێک ڕەخنەی لە ڕێکەوتنەکە گرتووە و هەڕەشەی ئەوەی کردووە هەڵیبوەشێنێتەوە، کە ئەوەش نیگەرانی دروستکردووە سەبارەت بە داهاتوویی ڕێکەوتنەکە. ڕاپۆرتەکانی دەزگای نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە ڤییەنا دەریدەخەن کە ئێران پابەندە بە ڕێکەوتنەکەوە.

بەپێی ناوەڕۆکی گفتوگۆکەی نێوان هەیڵی و سەرۆکی دەزگای نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی جەنەڕاڵ یوکییا ئامانۆ بێت هەیڵی خۆشحاڵ بووە بە چاودێریکردن و کارەکانی دەزگاکە لە ئێران، بەڵام باسی لەوەش کرد کە نیگەرانە لەوەی ئێران لەوانەیە بەنهێنی ڕێکەوتنەکە پێشێل بکات.

هەیڵی باسی لە گرنگی ئەوە کرد کە نەهێڵرێت ئێران ڕێکەوتنە ناوەکییەکە بەکاربهێنێت بۆ هەڕەشەکردن و باسی لە سووربوونی ئەمەریکا کرد لەوەی دەزگای نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بتوانن بەتەواوەتی پشکنین بۆ پابەندبوونی ئێران بە ڕێکەوتنەکەوە بکەن.

سەرۆک ترامپ کە لەماوەی ڕابردوودا ئێرانی بەوە تۆمەتبار کرد کە شکستی هێناوە لەوەی پابەند بێت بە ڕۆحی ڕێکەوتنەکەوە وابڕیارە لە مانگی 10دا ڕاپۆرتی خۆی بدات بە کۆنگرێسی ئەمەریکا سەبارەت بە پابەندبوونی ئێران بە بەرپرسیارێتیەکانیەوە.

سەرچاوە/ VOA

XS
SM
MD
LG