Accessibility links

نیکی هەیڵی: نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێت ڕێوشوێنێکی جددی بگرنەبەر دژی کۆریای باکوور


باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان نیکی هەیڵی وتی هەڵدانی موشەکەکەی کۆریای باکوور بەسەر ژاپۆندا جیی قبوڵ کردن نیە و ئێستا دەبێت ئەنجومەنی ئاسایش ڕێوشوێنێکی جددی بگرێتە بەر.

هەیڵی بە ڕۆژنامەنووسانی وت" نابێت هیچ وڵاتێک موشەک بەسەریدا تێپەڕ ببێت وەکو ئەوەی بەسەر دانیشتوانی ژاپۆندا هات کە ژمارەیان دەگاتە 130 ملیۆن کەس. ئەمە جێی قبوڵ کردن نیە. کۆریای باکوور هەموو بڕیار و یاساکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکانی پێشێل کردووە و پێم وایە دەبێت شتێکی جددیی ڕووبدات."

هەیڵی وتیشی هیوادارە چین و ڕوسیا لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ئەندام لە ئەنجومەنی ئاسایشدا لە کۆبوونەوەکەدا پێکەوە کار بکەن بۆ باس کردن لەوەی چی بکرێت باشە بۆ وەستاندنی بەرنامە موشەکیی و ناوەکییەکەی کۆریای باکوور.

لەلای خۆشییەوە سەرۆک ترامپ دوای هەڵدانی موشەکەکە وتی هەموو بژاردەکان لەبەردەستدان سەبارەت بە کۆریای باکوور.

سەرۆک ترامپ کە بەڵێنیدابوو نەهێڵێت کۆریای باکوور بەرنامە موشەکیی و ناوەکییەکەی پەرە پیبدات وتی " کۆریای باکوور بە ڕوونی کۆتا پەیامی خۆی نارد: ئەم ڕژێمە پیشانیدا کە ڕق و کینەی هەیە بەرامبەر وڵاتانی دراوسێ و هەموو ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG