Accessibility links

چاوپێکەوتنی دەنگی ئەمەریکا لەگەڵ نوێنەری ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان نیکی هەیڵی


نوێنەری ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان نیکی هەیڵی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا لە نیویۆرک باسی لە دوو کۆریاکە و فەڵەستینیەکان و موسوڵمانەکانی ڕۆهینگیا کرد.

هەیڵی سەبارەت بە کۆریای باکوور و کۆریای باشوور وتی " ئێمە ئاسوودە نین بەوەی ئەوان وڵاتێک بن چەکی ناوەکییان هەبێت و هەرگیز بەوە ئاسوودە نابین. بەس لەبەر ئەوەی ئێستا کۆریای باکوور و کۆریای باشوور دەستیان لەناو دەستی یەکتردایە مانای ئەوە نیە هەڕەشەکان نەماون. ئەمەریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەردەوام دەبن لەسەر فشارەکانیان بۆ سەر کۆریای باکوور تاوەکو واز لە ڕەفتارەکانی دەهێنێت، هەتاکوو ئەو کاتە ئێمە دڵنیا دەبینەوە لەوەی کە هیچ چالاکییەک و تاقیکردنەوەیەک نەبێت. ئەگەر ئەو کاتە هات ئەوا لەو کاتەدا بڕیار دەدەین. بەڵام لە ڕاستیدا هەموو کارتەکان لە دەستی کۆریای باکووردان سەبارەت بەوەی ئێمە چۆن وەڵام بدەینەوە. ئەگەر ئەوان کارە ڕاستەکە بکەن ئەوا ئێمە خۆشحاڵ دەبین کاریان لەگەڵدا بکەین. ئەگەر کارە ڕاستەکە نەکەن ئەوا ئێمە هەموو بژاردەکانمان لەسەر مێزەکەن."

هەروەها سەبارەت بەوەی ئەمەریکا 65 ملیۆن دۆلاری ڕاگرت لە یارمەتییەکان بۆ ڕێکخراوی ئۆنروای نەتەوە یەکگرتووەکان کە تایبەتە بە پەنابەرانی فەڵەستینی، هەیڵی وتی:

" ئێمە خەڵات نادەین بە ڕەفتارێکی خراپ. ئێستا فەڵەستینییەکان دەڵێن بەنیازن ئەمەریکا دەربکەن لە پڕۆسەی هەوڵەکانی ئاشتیدا، ئەوان دەڵێن چیتر نایانەوێت هیچ پەیوەندییەکیان بە ئەمەریکاوە بمێنێت. دەڕۆن و ئێمە دەبەنە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە و زۆر توندن لەو قسانەی کە دەیڵێن و دەیکەن. ئێمە پارە نادەین بۆ ئەوەی سوکایەتیمان پێبکرێت."

هەروەها سەبارەت بە ڕەوشی موسوڵمانەکانی ڕۆهینگیا لە میانمار وتی:

" بورما کە بە میانمار ناسراوە ڕووخاوە، بەتەواوەتی ڕووخاوە. ئێمە ناتوانین سەیری ئەو ڕاستیە بکەین کە ئەمەریکا چەند ساڵێک لەمەوبەر مامەڵەی لەگەڵ ئەوەدا کردووە." هەروەها سەبارەت بەوەی ئەمەریکا لەوانەیە دووبارە سزاکان بسەپێنێتەوە بەسەر سوپای میانماردا، نیکی هەیڵی وتی " پێم وایە دەبێت سەیری هەمووشتێک بکەین. دەبێت سەیری هەموو شتەکان بکەین. پێم وانیە ئێمە دەبێت بە هیچ شێوەیەک نەرم بین لەسەر ئەوەی کە ڕوودەدات لەگەڵ حکومەت یاخوود سوپادا. دەبێت ئەوان بەرپرسیارێتی ئەو کارانەی کردوویانە بخرێتە سەر شانیان. پێم وایە دەبێت شوێنێکی پارێزراو دابین بکەین بۆ پەنابەران، چونکە گەڕانەوە بۆ نیشتیمان کارێکی ئاسان نابێت لەبەر ئەوەی ئەوان زۆر دەترسن لەوەی کە بگەڕێنەوە."

سەرچاوە/ VOA

XS
SM
MD
LG