Accessibility links

سوپای نایجیریا دەڵێت سەرکردەیەکی داعش کوژراوە


جەنەڕاڵ لوکی ئیرابۆر

سوپای نایجیریا ڕایگەیاند ئەبو موسعەب ئەل بەرناوی سەرکردەی داعش کە بەرپرس بووە لە کوشتنی سەدان کەس لە باکووری ڕۆژهەڵاتی نایجیریا، مردووە.

سەرۆکی ستافی بەرگری نایجیریا جەنەڕاڵ لوکی ئیرابۆر لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی " دەتوانم پشتڕاستی بکەمەوە بۆتان ئەبو موسعەب مردووە." بەڵام هیچ زانیارییەکی دیکەی نەدا.

ڕاگەیاندنەکە پێنج مانگ دوای ئەوە هات ئەل بەرناوی و هێزەکانی بەرپرسیارێتی کوشتنی ئەبوبەکر شێکاوییان ڕاگەیاند کە سەرکردەی ئەو گروپە توندڕەوە بوو ڕکابەرایەتی گروپەکەی ئەل بەرناوییان دەکرد.

هەندێک لە ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەدەن ئەل بەرناوی لەمیانەی شەڕ و پێکدادانێکدا لەگەڵ گروپێکی دیکەی توندڕەوی ڕکابەرییان بە سەختی بریندار بووە و کوژراوە. بەڵام سوپای نایجیریا هیچ وردەکارییەکی نەدا لەسەر ئەوەی چۆن مردنەکەی پشتڕاستکردۆتەوە.

ئەل بەرناوی هەرزەکار بوو کاتێک محەمەد یوسفی باوکی لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی نایجیریاوە لە ساڵی 2009 دا کوژرا. کوژرانی دامەزرێنەری بۆکۆ حەرام بووە هۆی ئەوەی یاخیبوونێکی درێژخایەن دژی حکومەتی نایجیریا بەرپاببێت، لەکۆتاییدا یاخیبوونەکە پەرەی سەند بۆ وڵاتانی دیکەی دراوسێی نایجیریا، لەوانەش نایجەر و چاد و کامیرۆن.

دوای مردنی یوسف، شێکاو ڕابەرایەتی گروپەکەی گرتەدەست، بەڵام بەردەوام کێشەی لەگەڵ ئەل بەرناویدا هەبووە، گوایە ئەل بەرناوی لەلایەن داعشەوە دیاریکراوە تاوەکو ڕابەرایەتی بۆکۆ حەرام بکات، لەجیاتی ئەوە لە ساڵی 2016 دا لقێکی دیکەی داعش بە ناوی دەوڵەتی ئیسلامی لە ڕۆژئاوای ئەفریقا بە ڕابەرایەتی ئەل بەرناوی دامەزرا.

بەپێچەوانەی گروپەکەی شێکاوەوە، کە هەمیشە هاوڵاتیانی مەدەنی دەکردە ئامانج، ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە ڕۆژئاوای ئەفریقا سوپای نایجیریا و ئەو کەسانەی دەکردە ئامانج کە یارمەتی سەربازەکانیان دەدا. بەڵام جیهانیشی نیگەرانکرد کاتێک دەستیکرد بە بە ئامانجکردنی ئەو هاوڵاتیە مەدەنییانەی کە لە ڕێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتیەکاندا کارییان دەکرد، ڕفاندن و کوشتنیان ئەنجام دەدا.

بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا گروپەکەی شێکاو لاوازکرا و لە مانگی پێنجدا مردنەکەی ڕاگەیەندرا. لەو کاتەدا دەوڵەتی ئیسلامی لە ڕۆژئاوای ئەفریقا هەوڵی فراوانکردنی دەسەڵاتەکانیدا، بەڵام ئەل بەرناوی شکستی هێنا لەوەی لایەنگرانی شێکاو بەلای خۆیدا ڕاکێشیت و لەجیاتی ئەوە خۆیان ڕادەستی هێزەکانی نایجیریا کرد.

جێی ئاماژەیە بەپێی بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ململانێکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی نایجیریا ڕاستەوخۆ بووەتە هۆی کوژرانی 36,000 کەس، هەروەها 2.3 ملیۆن هاوڵاتیش ئاوارە بوون.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG