Accessibility links

ژمارەی کوژراوانی ئاکامی هێرشە چەکدارییەکەی سەر دوو مزگەوتەکەی نیوزیلاند گەیشتە 49 کەس


بەهۆی هێرشی چەکداری بۆ سەر دوو مزگەوتی شاری کرایست چێرچی نیوزیلاند لە کاتی نوێژی هەینیدا بەلایەنی کەمەوە 49 کەس کوژران و زیاتر لە 20 کەسی دیکە برینداربوون.

کاربەدەستانی شاری کرایست چێرچ داوایان لە دانیشتوانی شارەکە کرد لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە لە کاتێکدا گەڕان بەدوای هێرشبەرەکەدا دەستی پێکردووە.

لە گرتە ڤیدیۆییەکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوبۆوە و پێدەچێت چەکدارەکە خۆی گرتەکەی گرتبێت و ڕاستەوخۆ لە کاتی هێرشەکەدا پەخشی کردبێت. هێرشبەرەکە ئوتومبێلەکەی بەرەو یەکێک لە مزگەوتەکان لێدەخوڕێت و دواتر دەچێتە ناو مزگەوتەکەوە و تەقە دەکات.

سەرۆک وەزیری نیوزیلاند جاسیندا ئاردەرن هێرشەکەی بە تێرۆرستی ناودێرکرد و وتی " ئەمە یەکێکە لە تاریکترین ڕۆژەکانی نیوزیلاند. بە ئاشکرا دیارە ئەوەی ڕوویدا کارێکی ئاسایی نیە و توندوتیژییەکە کە پێشتر شتی وا ڕووینەداوە."

کاربەدەستێکی پۆلیس وتی چوار کەس دەستگیرکراون ، سێ پیاو و ژنێک.

وتیشی " هەندێک زانیاریمان پێگەیشت لەسەر بوونی بۆمبی چێنراو لە ناو ئوتومبێلەکاندا بەڵام توانیمان پوچەڵیان بکەینەوە."

هەروەها کاربەدەستانی تەندروستی نیوزیلاند وتیان منداڵیش لە نێو بریندارەکاندان و ئێستا لە نەخۆشخانەی کرایس چێرچ چارەسەریان بۆ دەکرێت.

جێی ئاماژەیە بەپـێی سەرژمێری دانیشتوانی ساڵی 2013 ، نزیکەی 46 هەزار موسڵمان لە نیوزیلاند دەژین کە دەکاتە نزیکەی 1% ی دانیشتوانی وڵاتەکە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG