سەرۆک وەزیری نیوزلەندا جاسیندا ئاردێرن وتی پۆلیسی نیوزلەندا تەقەیان لە " توندڕەوێک " کردووە کە لەلایەن پۆلیسەوە ناسراو بووە و کوشتوویانە، ئەوەش دوای ئەوەی لە سوپەرمارکێتێکدا بە چەقۆ هێرشی کردۆتە سەر شەش کەس و برینداری کردوون.
ئاردێرن وتی هێرشبەرەکە کە خەڵکی سریلانکایە و 10 ساڵە لە نیوزلەندا دەژی، کاریگەریی ڕێکخراوی داعشی لەسەر بووە و بە بەردەوامی لەژێر چاودێری پۆلیسدا بووە.
ئاردێرن بە ڕۆژنامەنووسانی وت " توندڕەوێکی توندوتیژ هێرشێکی تیرۆریستی دژی هاوڵاتیانی بێتاوانی نیوزلەندا ئەنجامدا."
وتی " بە ئاشکرا دیار بووە پشتیوانی لە ڕێبازی داعش کردووە."
ئاردێرن وتی ماوەی پێنج ساڵە هێرشبەرەکە " گومانلێکراوە "، لە ماوەی 60 چرکەدا دوای دەستپێکردنی هێرشەکە لە شاری ئۆکلاند کوژراوە.
شایەتحاڵێک وتی هێرشبەرەکە هاواری " اللە اکبر " ی کردووە. سەرۆکی پۆلیس ئاندرو کۆستەر بە ڕۆژنامەنووسانی وت هێرشبەرەکە بە تەنها بووە و پۆلیس دڵنیایە لەوەی هیچ هەڕەشەیەکی دیکە بۆ سەر هاوڵاتیان نیە.
کۆستەر وتی " ئەوەی لەتواناماندا بووبێت کردوومانە بۆ چاودێریکردنی و بێگومان ئەو ڕاستیەی کە توانیمان بە خێرایی بگەینە سەری ، لە تەنها 60 چرکەدا، دەریدەخات چەندێک لە نزیکەوە چاودێریمان کردووە."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز