Accessibility links

ناتانیاهو داوا دەکات بەرەیەکی هاوبەش پێک بهێنرێت دژی ئێران


سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهو داوای کرد بەرەیەکی هاوبەش پێک بهێنرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئێران و وتی ئێران سپۆنسەری سەرەکی تیرۆرە لە جیهاندا، ئەمەش لە میانەی سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ژان ئیڤ لۆدغیاندا بۆ ئیسڕائیل.

ناتانیاهو لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا لە قودس وتی " دەبێت بەرپەرچی تیرۆر و تیرۆریستان بدەینەوە لە هەر کوێیەک بن و دەبێت بەرەنگاری ئەو ڕژێمانە ببینەوە کە پشتیوانی لە تیرۆر دەکەن لە هەر شوێنێک بن."

وتیشی " ڕژێمی سەرەکی پشتیوانیکەر لە تیرۆر لە جیهان و ناوچەکەدا ئێرانە." وتیشی " دەبێت دوژمنکارییە بەرفرانەکانی ئێران ڕابگرین. دەبێت دڵنیا ببینەوە لەوەی ئێران چەکی ناوەکی بەدەست نەهێنێت."

هەروەها ناتانیاهو سەرەخۆشی لە فەڕەنسا کرد دوای ئەوەی جیهادییەک چوار کەسی کوشت لە هێرشێکدا کە ڕێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ڕاگەیاندبوو.

وتی " لەگەڵ ئێوەدا دەگرین بۆ لەدەستدانی ڕۆحی فەڕەنسییە بێتاوانەکان و پاڵەوانی ڕاستەقینە پاڵەوانی مرۆڤایەتیە نەک تەنها پاڵەوانی فەڕەنسا." ئەوەش لە ئاماژەیەکدا بۆ کۆلۆنێڵ ئارنۆ بلترام کە چووە شوێنی دیلێک و لەلایەن تیرۆریستەکەوە کوژرا.

لۆدغیان وتی شەڕی فەڕەنسا و ئیسڕائیل دژی تیرۆر هاوبەشە.

هەروەها سەرۆک وەزیری فەڕەنسا ئێدوار فیلیپ لە کۆتایی مانگی پێنجدا سەردانی ئیسڕائیل دەکات.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG