Accessibility links

نەتانیاهو دەڵێت گەورەترین ساختەکاری لە مێژووی دیموکراسیدا کراوە و ڕکابەرەکانی بە دووڕوویی تۆمەتبار دەکات


سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو وتی ئەو هاوپەیمانێتیە نوێیەی کە لەمدواییانەدا دروستبووە و هەڕەشەی بۆ سەر پۆستەکەی دروستکردووە ئەنجامی " گەورەترین ساختەکارییە لە هەڵبژاردنەکاندا " لەمێژووی دیموکراسیەتدا.

چەند کاتژمێرێک دوای لێدوانەکەی نەتانیاهو، نەفتاڵی بێنێتی نەتەوەپەرست کە خۆی ئامادە دەکات تاوەکو شوێنی نەتانیاهو بگرێتەوە و ببێتە سەرۆک وەزیری وڵاتەکە، داوای لە نەتانیاهو کرد " خاکێکی سوتاو " دوای خۆی بەجێنەهێڵێت و ڕازی ببێت بەوەی " گەل ڕێگەی پێداوە حکومەت پێک بهێنێت، تەنانەت ئەگەر ڕابەرایەتی حکومەتەکەش نەکات."

ئەم تۆمەتەی نەتانیاهو ئاڕاستەی هاوپەیمانێتیەکەی کردووە لەکاتێکدایە بەڕێوبەری دەزگای ئاسایشی ناوخۆی ئیسڕائیل هۆشیاریدا لەسەر ئەگەری کەوتنەوەی توندڕەویی سیاسیی لە وڵاتەکەدا.

نەتانیاهو لە لێدوانێکیدا لەبەردەم نوێنەرانی حیزبی لیکۆد وتی " گەورەترین ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکاندا دەبینین لە مێژووی وڵاتەکەدا، بەڵکو بە بۆچوونی من لە مێژووی دیموکراسیەتیشدا."

ڕۆژی چوارشەممە بێنێت لەگەڵ ڕابەری ئۆپۆزسیۆنی ئیسڕائیل یائیر لاپیددا ڕایانگەیاند هاوپەیمانێتیەکیان لەگەڵ سەرجەم حیزبە سیاسییە جیاوازەکانی وڵاتەکەدا پێکهێناوە.

تاوەکو ئێستا دیارینەکراوە کەی پەرلەمانی وڵاتەکە دەنگ لەسەر ئەو حکومەتە نوێیە دەدات، بەڵام ئەگەر هاتوو لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند بکرێت ئەوا نەفتاڵی بێنێت دوو ساڵی یەکەم دەبێتە سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل و دواتر دوو ساڵی دووەم یائیر لاپید دەسەڵات دەگرێتەدەست.

بێنێت لە پەیامێکدا بۆ نەتانیاهو وتی " با بەرەو پێشەوە بڕۆین، با وڵاتەکە بەرەو پێشەوە بڕوات، بەڕێز نەتانیاهو، خاکێکی سوتاو دوای خۆت بەجێ مەهێڵە، هەموومان، تەواوی گەل دەیەوێت بەو شتە باشانە یادت بکەنەوە کە لەماوەی خزمەتەکەتدا ئەنجامت داون."

لە ماوەی ڕابردوودا نەتانیاهو وتی " ئەم حکومەتە ئیسڕائیل دەخاتە مەترسییەکەوە کە چەند ساڵێکی زۆرە مەترسی لەوشێوەیە نەبیندراوە، ئێمە، هاوڕێکانم و من لە لیکۆد، بەتوندی بەرهەڵستی پێکهێنانی ئەم حکومەتە نوێیە دەکەین کە لەسەر ساختەکاری پێکهێندراوە،ئەگەر خوا نەکات پێکهات ئەوا بەخێرایی لەناوی دەبەین."

لەلای خۆیەوە بەڕێوبەری دەزگای ئاسایشی ناوخۆی ئیسڕائیل وتی لێدوانی توندڕەویی وردە وردە بە ئینتەرنێتدا بڵاودەبێتەوە و پێدەچێت ببێتەهۆی کەوتنەوەی توندوتیژی.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG