Accessibility links

پەمپیۆ: هاریکارییەکان لەگەڵ ئیسڕائیل سەبارەت بە سوریا و ئێران بەردەوام دەبێت


سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهو و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپیۆ
سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهو و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپیۆ

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپیۆ وتی ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە هاریکارییەکان لەگەڵ ئیسڕائیلدا سەبارەت بە سوریا و ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەمەش سەرەڕای بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا.

سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهو پێش کۆبوونەوەکەی لەگەڵ پەمپیۆدا لە بەڕازیل وتی بەنیازە گفتوگۆ لەسەر چۆنێتی زیادکردنی هاریکارییەکان بکات لە بوارەکانی هەواڵگری و ئەرکەکان لە سوریا ناوچەکانی دیکەدا بەمەبەستی بەرپەرچدانەوەی دوژمنکارییەکانی ئێران.

لە یەکەمین لێدوانیدا سەبارەت بە بڕیارەکەی سەرۆک ترامپ، پەمپیۆ وتی " ئەم بڕیارە هیچ شتێک ناگۆڕێت لەو کارانەی ئەم بەڕێوبەرایەتییە لەگەڵ ئیسڕائیلدا دەیکات."

وتیشی " هەڵمەتی دژ بە ڕێکخراوی داعش بەردەوام دەبێت و هەروەها بە هەمان شێوە هەوڵەکانیشمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی دوژمنکارییەکانی ئێران بەردەوام دەبێت و پابەندیشین بە ئارامی و سەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پاراستنی ئیسڕائیلەوە بە هەمان شێوەی پێش دەرچوونی ئەم بڕیارە."

مانگی ڕابردوو سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ سووربوونی خۆی ڕاگەیاند لەسەر کشاندنەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا و وتی ئەرکی ئەمەریکا بۆ شکست پێهێنانی ڕێکخراوی داعش سەرکەوتوو بووە و چیتر پێویست ناکات ئەمەریکا لە سوریادا بمێنێتەوە.

ناتانیاهو وتی " لەگەڵ ئەمەریکادا باس لە هاریکاری نێوان ئیسڕائیل و ئەمەریکا دەکەین لەو بابەتانەدا کە پەیوەستن بەم بڕیارەوە، بڕیاری ئەمەریکا سەبارەت بە سوریا و چۆنێتی زیادکردنی هاریکارییەکان لە بوارەکانی هەواڵگری و ئەرکەکان لە سوریا و ڕاگرتنی دوژمنکارییەکانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا."

ناتانیاهو وتیشی ئیسڕائیل زۆر بەو پشتیوانییە بەهێزەی پەمپیۆ دەزانێت لە هەوڵەکانی ئیسڕائیلدا بۆ بەرگریکردن لە خۆی لە بەرەنگاربوونەوەی سوریادا.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕابەرت بالادینۆ وتی پەمپیۆ و ناتانیاهو گفتوگۆیان لەسەر ئەو هەڕەشانە کردووە کە دوژمنکارییەکانی ئێران لە ناوچەکەدا دروستی کردوون و جێی قبوڵکردن نین. هەروەها پەمپیۆ جەختی لە پابەندبوونی ئەمەریکا کردەوە بۆ پاراستنی ئاسایشی ئیسڕائیل و مافی ئیسڕائیل لە بەرگریکردن لە خۆی.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG