Accessibility links

نەتانیاهو: ئیسڕائیل ڕێکەوتنێک لەگەڵ ئێران ڕەت دەکاتەوە ئەگەر ڕێگە بەو وڵاتە بدات چەکی ناوەکی دروست بکات


سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو
سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو

سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو ڕایگەیاند وڵاتەکەی پابەندی ڕێکەوتنی نێوان زلهێزەکانی جیهان و ئێران نابێت ئەگەر هاتوو ڕێکەوتنەکە ڕێگە بە کۆماری ئیسلامی بدات پەرە بە چەکی ناوەکی بدات.

نەتانیاهو لە وتارەکەیدا لە مەراسیمی یادکردنەوەی هۆڵۆکۆستدا وتی " ڕێکەوتنێک لەگەڵ ئێران کە ڕێگەی بدات بۆ دروستکردنی چەکی ناوەکی، چەکێک کە هەڕەشە دەبێت بۆ ئێمە، بە هیچ شێوەیەک پابەندی نابین."

وتی " تەنها یەک شت هەیە پابەندی بین، ئەوەش ئەوەیە ڕێگە نەدەین بەوانەی هەوڵی لەناوبردنمان دەدەن بەردەوام بن لە پلانەکەیان."

لایەنەکانی ڕێکەوتنە ناوەکییەکە، ئێران و فەڕەنسا و بەڕیتانیا و ڕوسیا و چین و ئەڵمانیا ڕۆژی سێشەممە کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا، ئەمەریکاش ئامادەی کۆبوونەوەکە بوو بەڵام ڕاستەوخۆ بەشداری لە دانوستانەکاندا نەکرد.

سەرۆکی پێسووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران کشایەوە و سزا توندەکانی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە، تارانیش لەلای خۆیەوە هەنگاو بە هەنگاو بەرپرسیارێتیەکانی لەڕێکەوتنە ناوەکیەکەدا پشتگوێ خست.

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ئامادەیی خۆی پیشانداوە بۆ گەڕانەوە بۆ سەر ڕێکەوتنەکە، بەڵام بە مەرجی ئەوەی سەرەتا ئێران دووبارە پابەند بێتەوە بە سەرجەم بەرپرسیارێتیەکانیەوە، ئەوەش نیگەرانیی لەلای ئیسڕائیل دروستکردووە.

وابڕیارە ڕۆژی هەینی دانوستانەکان لە ڤیێنا دەستپێبکەنەوە.

ئیسڕائیل پێی وایە ئێران بەندەکانی ڕێکەوتنەکەی پێشێل کردووە و کار لەسەر دروستکردنی چەکی ناوەکیی دەکات، ئێرانیش ئەوە ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت ئامانجی دروستکردنی چەکی ناوەکیی نیە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG