Accessibility links

کەناڵە تەلەفیزیۆنیەکان: ناتانیاهو لە هەڵبژاردنەکانی ئیسڕائیلدا سەردەکەوێت


سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهو
سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهو

سێ کەناڵی تەلەفیزیۆنی سەرەکی ئیسڕائیل ئاماژەیان بەوەدا سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهو لە هەڵبژاردنە گشتیەکاندا سەرکەوتووە و بۆ پێنجەمین جار دەسەڵات دەگرێتەوە دەست، ئەمەش سەرەڕای ڕکابەرییە توندەکەی نێوانی لەگەڵ بێنی گانتسدا.

لەگەڵ جیاکردنەوەی لە سەدا 97 ی دەنگەکان، هیچ حیزبێک لە ئیسڕائیلدا ئەوەندەی دەنگ بەدەست نەهێناوە کە بتوانێت بە تەنها فەرمانڕەوایی وڵاتەکە بکات بەڵام ئەوە ڕوونە کە ناتانیاهو لە دۆخێکی بەهێزدایە کە دەتوانێت حکومەتێکی هاوبەش لەگەڵ ئەو حیزبانەدا پێک بهێنێت کە پشتیوانی لیدەکەن.

ماڵپەڕی ئەلیکترۆنی کنیست و کەناڵە تەلەفیزیۆنییەکانی ئیسڕائیل دەریانخست حیزبی لیکۆد بە ڕابەرایەتی ناتانیاهو و حیزبی شین سپی بە ڕابەرایەتی گانتس هەریەکەیان 35 کورسیان بەدەست هێناوە. ئەمەش مانای ئەوەیە ژمارەی کورسییەکانی لیکۆد پێنج کورسی زیادی کردووە.

ناتانیاهو لە لێدوانێکیدا بۆ هەوادارانی لە بنکەی لیکۆد وتی " ئەمشەو شەوی سەرکەوتنێکی گەورەیە." بەڵام هۆشیاریشیدا لەوەی هێشتا زۆر ماوە بۆ ڕاگەیاندنی ئەنجامە فەڕمییەکان.

واپێشبینی دەکرێت ڕۆژی هەینی ئەنجامە کۆتاییەکانی هەڵبژاردنەکان ڕابگەیەنرێت بەڵام ئەنجامە کاتییەکان دەریدەخەن کوتلەی حیزبەکانی بەرەی ڕاست بە ڕابەرایەتی ناتانیاهو سەرکەوتووە و لە کۆی 120 کورسی کنیست 65 کورسیان بەدەست هێناوە.

ئەگەر ناتانیاهو سەربکەوێت ئەوا دەبێتە یەکەمین سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل کە بۆ درێژترین ماوە لە دەسەڵاتدا ماوەتەوە. ناتانیاهو وتی دەستی کردووە بە گفتوگۆکردن لەگەڵ هاوبەشەکانی بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی هاوبەش.

لە ماوەی ڕابردوودا گانتسی تەمەن 59 ساڵ سەرکەوتنی خۆی لە هەڵبژاردنەکاندا ڕاگەیاند و وتی " ئێمە سەرکەوتین، سوپاسی بنیامین ناتانیاهو دەکەین بۆ ئەو خزمەتەی پێشکەشی گەلەکەی کردووە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG