Accessibility links

ناتانیاهو دەڵێت دەستبەرداری هەوڵەکانی بووە بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ


سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهو وتی بڕیاریداوە دەستبەرداری هەوڵەکانی بێت بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ، دوای ئەوەی نەیتوانی هاوپەیمانییەک دروست بکات دوای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان کە لە مانگی نۆدا بەڕێوەچوو و هێشتا یەکلایی نەبۆتەوە.

ڕابەری حیزبی لیکۆد بنیامین ناتانیاهو وتی کارەکەی ڕادەستی سەرۆکی ئیسڕائیل ڕیئۆڤین ڕیڤلین دەکاتەوە دوای ئەوەی " بەبێ وچان کاری کردووە بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی یەکگرتوویی فراوان."

ڕیڤلین وتی ئێستا قسە لەگەڵ لایەنە سیاسییە جیاوازەکان دەکات و پێیان ڕادەگەیەنێت بەنیازە بێنی گانتزی ڕکابەری ناتانیاهو ڕابسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ.

حیزبەکەی گانتز شین سپی لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەماندا سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا بەڵام زۆرینەی ئەو دەنگانەی پەرلەمانی بەدەست نەهێنا تاوەکو بتوانێت بە تەنها حکومەت پێک بهێنێت. ئێستا ئەگەر گانتزیش نەتوانێت حکومەتی نوێی ئیسڕائیل پێک بهێنێت ئەوا هەڵبژاردنێکی نوێی گشتی ئەنجام دەدرێتەوە و لە مانگی چواری ئەمساڵەوە تا ئێستا سێیەمین هەڵبژاردن دەبێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG