Accessibility links

نەتانیاهو سەردانەکەی بۆ ئیماڕات هەڵدەوەشێنێتەوە


سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو سەردانەکەی بۆ ئیماڕات هەڵوەشاندەوە، ئەوەش بەهۆی " قورساییەکانی فڕین بەسەر ئاسمانی ئەردەندا."

ساڵی ڕابردوو ئیسڕائیل و ئیماڕات ڕێکەوتن لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان.

لە بەیاننامەیەکی ئۆفیسی سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهودا ئاماژە بە " دواخستنی سەردانەکە دراوە دوای ئەوەی کێشە هەبووە لە هەماهەنگیەکان بۆ فڕین بەسەر ئاسمانی ئەردەندا."

ڕوونیشی کردەوە " ئەو کێشانە بەهۆی ئەوەوە بووە شازادەی جێنشینی ئەردەن حسێن بن عەبدوڵا سەردانەکەی بۆ ئۆرشەلیم هەڵوەشاندۆتەوە."

دواتر نەتانیاهو ڕایگەیاند لەڕێی پەیوەندییەکی تەلەفونیەوە لەگەڵ شازادەی جێنشینی ئەبوزەبی شێخ محەمەد بن زایددا قسەی کردووە، وتیشی " ڕێکەوتووین لەسەر ئەوەی بەزووترین کات کۆببینەوە، هەروەها ئیماڕات بڕی 10 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە ئیسڕائیلدا دەکات."

لە ماوەی ڕابردوودا دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئیسڕائیل ئاماژەیان بەوەدا سەرۆک وەزیری وڵاتەکە بنیامین نەتانیاهو بەنیازە سەردانی ئیماڕات بکات.

لەلای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی ئەردەن ئەیمەن سەفەدی وتی شازادەی جێنشینی ئەردەن بەنیازبووە " سەردانێکی ئایینی " بۆ ئۆرشەلیم بکات و نوێژی ئیسرا و میعراج لەوێ بکات.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG