Accessibility links

یەکەمین پەیوەندی نێوان نەتانیاهو و سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن


دوای چاوەڕوانیەکی زۆر سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو یەکەمین پەیوەندی تەلەفونی لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدندا ئەنجامدا.

دوای دەستبەکاربوونی وەکو سەرۆکی ئەمەریکا لە 20 ی مانگی یەکدا، جۆو بایدن لەگەڵ زیاتر لە 10 سەرۆکی جیهاندا قسەی کردووە، کۆشکی سپیش ڕایگەیاند نەتانیاهو یەکەمین سەرۆک دەبێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بایدن تەلەفونی بۆ بکات.

ئۆفیسی نەتانیاهو لە بەیاننامەیەکدا وتی بایدن و نەتانیاهو نزیکەی کاتژمێرێک قسەیان کردووە و باسیان لە بابەتەکانی ئێران و پەیوەندییە نوێیەکانی نیوان ئیسڕائیل و وڵاتانی عەرەبی کردووە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە دەڵێت " سەرۆک بایدن و سەرۆک نەتانیاهو تاوتوێی بەردەوامی پێدانیان بە ڕێکەوتنەکانی ئاشتی کردووە و هەروەها باسیان لە هەڕەشە و کێشەکانی ئێران کردووە لە ناوچەکەدا و ڕێکەوتوون لەسەر بەردەوامی پێدان بە گفتوگۆکانی نێوانیان."

وتیشی " هەردوو سەرۆک ئاماژەیان بە پەیوەندییە تایبەتیە دوورودرێژەکەی نێوانیان داوە و وتوویانە پێکەوە کاردەکەن بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە بەهێزەکانی نێوان ئیسڕائیل و ئەمەریکا."

هەروەها باسیان لە چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ پەتای کۆرۆناشدا کردووە.

لەلای خۆیەوە کۆشکی سپی ڕایگەیاند دواکەوتنی پەیوەندییەکەی نێوان بایدن و نەتانیاهو مەبەست لێی پشتگوێ خستنی نەتانیاهو نەبووە.

لەم هەفتەیەدا نەتانیاهو دانی بەوەدانا کە ناکۆکی هەیە لەگەڵ بایدندا سەبارەت بە بابەتەکانی ئێران و فەڵەستینیەکان، بەڵام وتیشی پەیوەندییەکی کاری بەهێز هەیە لە نێوانیاندا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG