Accessibility links

ستۆڵتنبێرگ: کشانەوەی بەپەلەی هاوپەیمانێتی ناتۆ لە ئەفغانستان " باجەکەی گەورە دەبێت "


سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ

سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ وتی کشانەوەی بەپەلەی هاوپەیمانێتیەکە لە ئەفغانستان " باجەکەی زۆر گەورە دەبێت "هاوکات لەگەڵ مەترسی ئەوەدا کە ئەم وڵاتە " دووباتە ببێتەوە بە بنکەی تیرۆریستانی نێودەوڵەتی."

ستۆڵتنبێرگ وتی " ئەفغانستان لەژێر مەترسی ئەوەدایە دووبارە ببێتەوە بە بنکەی تیرۆریستانی نێودەوڵەتی کە پلانی هێرشکردنە سەر وڵاتەکانمان دادەنێن و دەکرێت ڕێکخراوی داعشیش خەلافەت لەو وڵاتەدا ڕابگەیەنێت کە لە عێراق و سوریا لەدەستیدا."

پێشتریش ستۆڵتنبێرگ لەمیانەی کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگری وڵاتانی هاوپەیمانێتی ناتۆدا لە کۆتایی مانگی10 هۆشیاری لەسەر ئەم بابەتەدا.

ستۆڵتنبێرگ وتی " هاوپەیمانێتی ناتۆ دوای هێرشەکەی سەر ئەمەریکا چوو بۆ ئەفغانستان تاوەکو ڕێگە نەدات ئەم وڵاتە هەرگیز ببێتە بنکەیەک بۆ تیرۆریستان. سەدان هەزاران سەرباز لە ئەوروپا و وڵاتانی دیکە و ئەمەریکاوە هاتنە ئەفغانستان، زیاتر لە هەزار سەربازیش باجەکەیاندا."

ئەوەشی خستەڕوو " لە ئێستادا کەمتر لە 12 هەزار سەربازی هاوپەیمانێتی ناتۆ لە ئەفغانستاندا هەن، زیاتر لە نیوەیان ئەمەریکی نین، تەنانەت دوای ئەم کەمکردنەوە نوێیەی ئەمەریکا لە هێزەکانیدا، هاوپەیمانێتی ناتۆ بەردەوام دەبێت لە ئەرکەکانی بۆ مەشق پێکردنی هێزەکانی ئەفغانستان و ڕاوێژکردنیان و یارمەتیدانیان، هەروەها بەڵێنی پێداون تاوەکو 2024 کۆمەکییان بکات."

ئەم لێدوانەی ستۆڵتنبێرگ دوای ئەوە هات وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا کەمکردنەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە ئەفغانستان پشتڕاست کردەوە.

وەزیری بەرگری ئەمەریکا بە وەکالەت کریس میلەر وتی هەتاوەکو 15 ی مانگی یەکی ساڵی داهاتوو نزیکەی دوو هەزار سەرباز لە ئەفغانستان دەکشێنینەوە، بەمەش ژمارەی سەربازانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان کەم دەکرێتەوە بۆ 2500 سەرباز کە ئەمە یەکەمین جارە هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان بۆ ئەو ژمارەیە کەم بکرێنەوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG