لە کاتێکدا کە ناتۆ ئامادەکاری دەکات بۆ کۆبوونەوە سێ ڕۆژەییەکەی لە واشنتن بە بۆنەی یادی 75 ساڵەی دامەزراندنییەوە، هاوپەیمانێتییەکە پشتیوانییەکانی بۆ ئۆکرانیا پتەوتر دەکات.
ڕۆژی یەکشەممە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ وتی سەرجەم ئەندامانی هاوپەیمانێتی ناتۆ ئاشتییان دەوێت، وتیشی ئەوە دەکرێت ڕووبدات ئەگەر سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن لەوە تێبگات کە ناتوانێت لە گۆڕەپانی جەنگەکەدا سەرکەوتن بە دەستبهێنێت.
ستۆڵتنبێرگ وتی " خێراترین ڕێگە بۆ کۆتایی هێنان بەم جەنگە دۆڕاندنییەتی. بەڵام ئەوە ئاشتی بە دوای خۆیدا ناهێنێت. ئەوە داگیرکاری بە دوای خۆیدا دەهێنێت."
ستۆڵتنبێرگ ئەو ڕێوشوێنە سەرەکییانەی خستەڕوو کە ناتۆ دەیانگرێتەبەر، لەوانەش دامەزراندنی سەرکردایەتییەکی نوێ بۆ یارمەتییە ئاسایشییەکان بۆ ئۆکرانیا لە ئەڵمانیا، زیادکردنی یارمەتییە دارایی و سەربازییەکان و ڕێککەوتنی ئاسایشی دوو لایەنە.
ستۆڵتنبێرگ جەختی لەم دەستپێشخەرییانە کردەوە و هاوکات باسی لە ئاڵۆزییەکانی ئەگەری ئەندامێتی ئۆکرانیا کرد لە ناتۆ و بەرە یەکگرتووەکەی ناتۆ دژی دوژمنکارییەکەی ڕووسیا کرد.
وتی قسەی تەواوی کۆتا ڕێککەوتنی کۆبوونەوەکە سەبارەت بە ئەندامێتی ئۆکرانیا لە ناتۆ هێشتا لە ژێر گفتوگۆدایە.
لە مانگی چواردا ستۆڵتنبێرگ وتی هاوپەیمانێتی ناتۆ پێشبینی ئەوەی نەکردووە لە ماوەی کۆبوونەوەکەدا پێشنیاری ئەندامێتی بۆ ئۆکرانیا بکات، بەڵکو " پردێک " بۆ ئەندامێتی.
لە کۆبوونەوەکەی ناتۆدا کە ڕۆژی سێشەممە لە واشنتن دەست پێدەکات، ئەو " پردە " پێنج پێکهاتەی سەرەکی لە خۆدەگرێت:
سەرکردایەتی یارمەتی ئاسایش: ناتۆ سەرکردایەتییەکی نوێ لە ئەڵمانیا دادەمەزرێنێت، ناوەندێکی لۆجیستیکی دەبێت لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپادا، ئەوەش لە پێناو هەماهەنگیکردن لە یارمەتییە نێودەوڵەتییە ئاسایشییەکاندا بۆ ئۆکرانیا. ستۆڵتنبێرگ وتی ئەمە 700 سەرباز لە خۆدەگرێت کە لەلایەن جەنەڕاڵێکی سێ ئەستێرەیی ناتۆوە سەرکردایەتی دەکرێن.
ستۆڵتنبێرگ وتی جیاوازیی هەبووە لە بۆچوونی وڵاتانی ئەندامدا سەبارەت بە " هەوڵەکان یاخود جۆری ئەو چەکانەی کە دەبێت بدرێن بە ئۆکرانیا." وتی ئەو جیاوازییانە دەبنە هۆی دواکەوتن، ئامانجەکەش ئەوەیە گەیاندنی چەکەکان خێراتر و ئاسانتر بێت.
وتی " ئەم سەرکردایەتییە نوێیە ئەرکێکی زۆر بەهێزی دەبێت، لەبەرئەوە کۆدەنگی پێویست نابێت لەسەر گەیاندنەکان."
بەڵێنی دارایی:
لە مانگی دووی ساڵی 2022 ەوە، هاوپەیمانانی ناتۆ ساڵانە نزیکەی 43 ملیار دۆلارییان لە یارمەتی سەربازییدا پێشکەشی ئۆکرانیا کردووە. کۆبوونەوەکەی دواتری ناتۆ پێشبینی دەکرێت ئەم پابەندبوونە درێژ بکاتەوە بۆ ساڵێکی دیکە، ئەوەش بناغەیەک بۆ پشتیوانییەکانی داهاتوو دروست دەکات.
گەیاندنی چەکەکان بە خێرایی: پێشبینی دەکرێت لە کۆبوونەوەکەدا ڕاگەیاندن هەبێت لەسەر گەیاندنی چەک و تەقەمەنی زیاتر، بە تایبەتی لە سیستمەکانی بەرگری ئاسمانیدا، ئەوەش لە پێناو پتەوکردنی بەرگری ئۆکرانیادا.
لە کاتێکدا کە ستۆڵتنبێرگ ئاماژەی بە هیچ شتێکی دیاریکراو نەدا، بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا ئاماژەی بەوەدا کە لە کۆبوونەوەکانی ئەم هەفتەیەی ناتۆدا پێشبینی دەکرێت ڕاگەیاندن هەبێت سەبارەت بە دابینکردنی فڕۆکەی شەڕکەری F-16 بە ئۆکرانیا.
ڕێککەوتنی ئاسایشی دوو لایەنە: تاوەکو دەستپێکی کۆبوونەوەکە، دەبێت بیست ئەندامی هاوپەیمانێتی ناتۆ ڕێککەوتنی ئاسایشی دوو لایەنەیان لەگەڵ ئۆکرانیادا واژۆ کردبێت، گرەنتی دیکەی ئاسایش دەدەن بە ئۆکرانیا و هەوڵە هاوبەشەکانییان بۆ پتەوکردنی بەرگری زیاتر دەکەن.
کارکردن پێکەوە: هەوڵ دەدرێت بۆ هاوتاکردنی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا بە ستانداردەکانی ناتۆ، لەوبارەیەشەوە ناوەندێکی مەشقی هاوبەش لە پۆڵەندا دامەزراوە و بەرنامەش هەیە لەسەر پەیداکردنی کەلوپەلی سەربازیی و داواکارییەکان.
هەنگاریا بەشدار نابێت و لە هەمان کاتیشدا ڕێگر نابێت
ستۆڵتنبێرگ باسی لە نیگەرانییەکان کرد سەبارەت بە هەڵوێستی هەنگاریا لەسەر جەنگەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا و ئەگەری ڕێگریکردنی لە بڕیارەکانی ناتۆ.
باسی لە سەردانەکەی ئەمدواییەی کرد بۆ بوداپێست کە لەوێ لەگەڵ سەرۆک وەزیری هەنگاریا ڤیکتۆر ئۆرباندا ڕێککەوتنێکی واژۆ کرد لەسەر ئەوەی کە هەنگاریا نەبێتە بەربەست لەبەردەم پشتیوانییە پێشنیارکراوەکاندا بۆ ئۆکرانیا.
ستۆڵتنبێرگ وتی بوداپێست بەشدار نابێت لە سەرکردایەتییە نوێیەکەی یارمەتییە ئاسایشییەکەی ناتۆدا بۆ ئۆکرانیا، بەڵام پابەندی بەرپرسیارێتییەکانی دیکەی ناتۆ دەبێت و پابەندیش دەبێت بە بودجە ئاساییەکەوە.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا
ستۆڵتنبێرگ: خێراترین ڕێگە بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکەی ئۆکرانیا دۆڕاندنییەتی، بەڵام ئاشتی بە دوای خۆیدا ناهێنێت