Accessibility links

هاوپەیمانێتی ناتۆ مەشقەکان لە عێراق ڕادەگرێت


وتەبێژی هاوپەیمانێتی ناتۆ وتی هاوپەیمانێتیەکە ئەرکی مەشقەکانی لە عێراق ڕاگرتووە، ئەمەش دوای کوژرانی فەرماندەی هێزەکانی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران قاسم سولەیمانی لە هێرشێکی ئاسمانی ئەمەریکادا لە بەغداد.

هەڵسوڕێنەری کاروباری وتەبێژی هاوپەیمانێتی ناتۆ دیلان وایت وتی " پارێزراوی سەربازەکانمان لە عێراق شتێکی زۆر گرنگە. بەردەوام دەبین لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی ئامادەباشی. ئەرکی هاوپەیمانێتیەکە بەردەوامە، بەڵام چالاکی مەشقەکان بەشێوەکی کاتی ڕادەگیرێت."

سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ وتی دوای هێرشەکەی ڕۆژی هەینی کە تیایدا قاسم سولەیمانی کوژرا لەڕێی پەیوەندییەکی تەلەفونیەوە قسەی لەگەڵ وەزیری بەرگری ئەمەریکا مارک ئێسپەردا کردووە.

وتیشی هاوپەیمانێتیەکە لەنزیکەوە چاودێری ڕەوشی ناوچەکە دەکات، ئەمەش لەنێوەندی مەترسی ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

نێردەی هاوپەیمانێتی ناتۆ لە عێراق سەرباز و هاوڵاتیانی مەدەنی لەخۆدەگرێت کە ژمارەیان دەگاتە سەدان کەس لە ڕاهێنەران و ڕاوێژکاران و یاریدەدەر لەنێو وڵاتانی ناو هاوپەیمانێتیەکە و دەرەوەی هاوپەیمانێتیەکەشدا.

نێردەکە لە ساڵی 2018 لە بەغداد دامەزرا، دوای سێ ساڵ لە جەنگ دژی ڕێکخراوی داعش. ئامانجی نێردەکە شەڕکردن نیە بەڵکو مەشق پێکردن و یارمەتیدانی دەزگاکانی ئاسایشی عێراق و دامەزراوە عێڕاقییەکانە بۆ بەپەرچدانەوەی هەر هەڕەشەیەک لە داهاتوودا. لەکاتی ئەرکەکاندا ئەندامانی نێردەکە لەپاڵ هێزە عێراقیەکاندا کارناکەن.

لەلایەکی دیکەوە سوپای ئەڵمانیا لە نامەیەکدا بۆ پەرلەمانی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەداوە ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی مەشقەکانیان بە هێزە عێراقییەکان ڕاگرتووە بەهۆی زیادبوونی ئەو هەڕەشانەی ڕووبەڕوویان بۆتەوە لەدوای کوژرانی سولەیمانیەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG