Accessibility links

هاوپەیمانێتی ناتۆ هەوڵی پتەوکردنی ڕۆڵی سیاسیی خۆی دەدات


سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ

سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ بەنیازە لەم هەفتەیەدا داوای پتەوکردنی ڕۆڵی سیاسی هاوپەیمانێتیەکە بکات وەکو بەردی بناغەی ڕۆژئاوا، ئەوەش سەرەڕای ناکۆکییەکانی نێوان وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانێتیەکەدا.

سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ ڕاپۆرتێکی لیژنەیەکی دەرەوەی هاوپەیمانێتیەکە پیشانی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانێتیەکەدا دەدات، ئەم هەوڵەش لەپێناو ئەوەدایە هاوپەیمانێتیەکە ڕۆڵێکی سیاسیی گرنگی هەبێت.

ستۆڵتنبێرگ وتی " لەمیانەی کۆبوونەوەکەی ساڵی داهاتووماندا پێشنیارەکانم پێشکەشی ڕابەرانی وڵاتان و حکومەتەکان دەکەم."

وتیشی " بەپەرۆشی ئەوەوەم چونکە هاوپەیمانێتی ناتۆ سەلماندوویەتی هاوپەیمانێتیەکی زۆر چالاکە."

سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ وڵاتانی ئەوروپی ئەندام لە هاوپەیمانێتیەکە تۆمەتبار دەکات بەوەی بەشدارییەکانیان لە هاوپەیمانێتیەکەدا زۆر کەمترە لە بەشدارییەکانی ئەمەریکا، لەکاتێکدا سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن دەڵێت هاوپەیمانێتیەکە " لەجێگادا کەوتووە و خەریکە دەمرێت."

لەلایەکی دیکەوە تورکیای ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆ سیستمی بەرگری موشەکی ڕوسی کڕی، ئەوەش سەرەڕای ئاگادارکردنەوەکانی هاوپەیمانێتیەکە، هەروەها تورکیا چۆتە ململانێیەکی دەریایی مەترسیدارەوە لەگەڵ یۆناندا کە بە هەمان شێوە ئەویش ئەندامە لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بۆ ئاشکراکردنی خاڵە گرنگەکانی کۆبوونەوەکەی هاوپەیمانێتیەکە، ستۆڵتنبێرگ وتی داوای لە سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا جۆو بایدن کردووە ساڵی داهاتوو لە بڕۆکسل بەشدار بێت لە کۆبوونەوەکەدا کە ڕابەرانی وڵاتانی هاوپەیمانێتیەکە بەشداری تێدا دەکەن.

ستۆڵتنبێرگ وتی " کاتی کۆبوونەوەکە هێشتا دیارینەکراوە، بەڵام کۆبوونەوەکە دەکرێت، وە بێگومان هەموو ڕابەرانی هاوپەیمانێتیەکە ئامادەی دەبن."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG