Accessibility links

سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ: هاوپەیمانێتی ناتۆ هەوڵنادات ڕوسیا گۆشەگیر بکات


سکرتێری گشتی نهاوپەیمانێی ناتۆ یەنس ستۆڵتنبێرگ

سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یەنس ستۆڵتنبێرگ وتی هاوپەیمانێتی ناتۆ هەوڵنادات ڕوسیا گۆشەگیر بکات دوای ژەهراویکردنی سیخوڕە ڕوسییەکە لە بەڕیتانیا بەڵام دەبێت ڕێوشوێنی توند بگرێتە بەر تاوەکو ڕوسیا بزانێت ئێمە توڕەین.

هاوپەیمانێتی ناتۆ هەفتەی ڕابردوو حەوت دیبلۆماتکاری ڕوسی لە نوێنەرایەتی ڕوسیا لە هاوپەیمانێتییەکە دەرکرد و شاندەکەی لە 30 کەسەوە کەمکردووە بۆ 20 کەس، ئەوەش وەکو وەڵامدانەوەیەکی ڕۆژئاوا بەرامبەر ژەهراویکردنی سیخوڕە ڕووسیەکە، ڕوسیاش ڕەتی دەکاتەوە دەستی هەبووبێت لەو کارەدا.

ستۆڵتنبێرگ وتی هاوپەیمانێتی ناتۆ نیگەرانە لە دەسەڵاتەکانی ڕوسیا و ڕەفتارەکانی لە جیهاندا و داگیرکردنی دوورگەی قەرمی ئۆکرانیا و تێکدانی سەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا و پشتیوانیکردنی لە سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد و دەست وەردان لە کاروباری وڵاتانی دیکەدا.

ستۆڵتنبێرگ وتی " ئەوە هۆکارێک بوو لە پشت کاردانەوەی ئەندامانی هاوپەیمانێتی ناتۆو و هاوپەیمانەکانی دیکە لەبەرامبەر هێرشەکەی ساڵزبێریدا. چونکە تەنها ئەوە نیە، ئەوە هێرشێکە لە پێشینەیەکی ڕقەوە دێت کە چەند ساڵێکە لە ڕوسیاوە دەبینین."

جێی ئاماژەیە وڵاتانی ڕۆژئاوا زیاتر لە 100 دیبلۆماتکاری ڕوسییان لە وڵاتەکانیان دەرکردووە بۆ سزادانی کرێملن لەسەر هێرشەکەی چواری مانگی سێ لە ساڵزبێری بەڕیتانیا. مۆسکۆش وەکو وەڵامدانەوەیەک ژمارەیەکی هاوشێوەی دیبلۆماتکارانی وڵاتانی ڕۆژئاوای لە وڵاتەکەی دەرکرد.

هەروەها لە ساڵی 2014 دا هاوپەیمانێتی ناتۆ هەموو شێوەکانی هاریکاری سەربازیی و مەدەنی لەگەڵ ڕوسیادا ڕاگرت دوای ئەوەی ڕوسیا دوورگەی قەرمی داگیرکرد.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG