Accessibility links

سکرتێری ناتۆ: هەموو ئاماژەکان دەریدەخەن ڕووسیا هێشتا پلانی هێرشێکی بەرفراوانی هەیە بۆ سەر ئۆکرانیا


سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ

سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ وتی هاوپەیمانێتیەکە پێی وایە ڕووسیا هێشتا پلان دادەنێت بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی گەورە بۆ سەر ئۆکرانیا، ئەوەش دوای ئەوەی مۆسکۆ دوو هەرێمی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیای وەکو دوو هەرێمی سەربەخۆ ناساند.

لێدوانەکەی ستۆڵتنبێرگ لەکاتێکدایە وڵاتانی ڕۆژئاوا ڕێوشوێنی زیاترییان گرتەبەر بۆ ئەوەی ڕووسیا ناچار بکەن هێرش نەکاتە سەر ئۆکرانیا، بەجۆرێک ئەڵمانیا هێڵی بۆری گازی نۆرد ستریم 2 ی ڕووسی ڕادەگرێت و بەڕیتانیاش سزا بەسەر بانکەکانی ڕووسیادا دەسەپێنێت.

سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە بڕۆکسل وتی " هەموو ئاماژەکان دەریدەخەن ڕووسیا بەردەوامە لە پلانەکانی بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر ئۆکرانیا. بەردەوام داوا لە ڕووسیا دەکەین بکشێتەوە، هەرگیز درەنگ نیە بۆ هێرش نەکردن."

ڕۆژێک دوای ئەوەی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتن دوو هەرێمەکەی وەکو دوو هەرێمی سەربەخۆ ناساند، پەرلەمانی ڕووسیا پەیماننامەکانی لەگەڵ دوو هەرێمەکەی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیادا پەسەند کرد.

پەیماننامەکان ڕێگە لەبەردەم ڕووسیادا خۆش دەکەن تاوەکو بنکەی سەربازیی لەو هەرێمانە دابمەزرێنن.

پوتن وتی بڕیارەکەی سەرجەم ناوچەکانی دۆنێتسک و لوهانسکی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا دەگرێتەوە، نەک تەنها ئەو بەشانەی کە ئێستا لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی جیاخوازەکاندان.

هەروەها فەرمانێکی واژۆ کرد بۆ ڕەوانەکردنی هێزی سەربازیی ڕووسیا بۆ دوو هەرێمەکە، پەرلەمانی ڕووسیاش بە فەڕمی داواکەی پوتنی پەسەند کرد بۆ بەکارهێنانی هێزی ڕووسیا لە دەرەوە.

جێگری وەزیری بەرگری ڕووسیا داوای لە پەرلەمانی وڵاتەکە کرد هێز ڕەوانەی دۆنباس بکەن، دۆنباس هەریەک لە دۆنێتسک و لوهانسک دەگرێتەوە.

لەلایەکی دیکەوە ئەڵمانیای گەورەترین کڕیاری گازی ڕووسی، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز پڕۆژەی هێڵی بۆری گازی نۆرد ستریم 2 ی ڕووسی ڕاگرت، پڕۆژەکە تەواو بووە و چاوەڕێی پەسەندکردنی بوو لەلایەن ئەڵمانیاوە. ئەگەر پڕۆژەکە پەسەند بکرێت ئەوا ڕووسیا ڕاستەوخۆ لەڕێی ئەو بۆرییەوە گازی سروشتی ڕەوانەی ئەڵمانیا دەکات. ڕاگرتنی پڕۆژەکەش یەکێکە لە کاریگەرترین ڕێوشوێنی ئەوروپا دژی ڕووسیا.

شۆڵز وتی داوای لە وەزارەتی ئابووری وڵاتەکە کردووە هەنگاو بنێت بۆ ئەوەی دڵنیا ببێتەوە لەوەی لە ئێستادا مۆڵەت نەدرێت بە پڕۆژەکە.

وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمیترۆ کولیبا وتی " ئەمە لەڕووی ئەخلاقی و سیاسیی و کردارییەوە هەنگاوێکی ڕاستە بۆ بارودۆخەکەی ئێستا. ڕابەرایەتی ڕاستەقینە مانای ئەوەیە لە کاتە سەختەکاندا بڕیاری قورس بدەیت. هەنگاوەکەی ئەڵمانیا ئەوە دەسەلمێنێت."

لەلای خۆیەوە کرێملن وتی بەداخەوەیە بۆ بڕیارەکەی ئەڵمانیا و هیوای خواست ڕاگرتنی پەسەندکردنی پڕۆژەکە بۆ ماوەیەکی کاتی بێت. پوتن وتی ڕووسیا دەیەوێت " بەردەوام بێت لە ڕەوانەکردنی وزە بۆ سەرانسەری جیهان."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG