Accessibility links

هاوپەیمانێتی ناتۆ حەوت دیبلۆماتکاری ڕوسی دەردەکات


سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یەنس ستٶلتنبێرگ وتی هاوپەیمانێتییەکە حەوت دیبلۆماتکاری لە نوێنەرایەتی ڕوسیا لە هاوپەیمانێتییەکەدا دەرکردووە و ڕێگەی نەداوە سێ کەسی دیکە لەوێ کار بکەن ئەوەش بەهۆی ژەهراویکردنی سیخوڕەکەی پێشووی ڕوسیا لە بەڕیتانیا و هەروەها بولگاریاش ڕایگەیاند بانگی باڵیۆزی ڕوسیای کردووە.

ستۆڵتنبێرگ ئاماژەشی بەوەدا کە ژمارەی دیبلۆماتکارانی ڕوسییان لە هاوپەیمانێتییەکە کەمکردۆتەوە لە 30 کەسەوە کردووە بۆ 20 کەس، ئەمەش لە نوێترین ڕێوشوێنی هاوپەیمانێتییەکەدا بۆ کەمکردنەوەی ئەو شاندەی کە پێشتر یەکێک بووە لە گەورەترین شاندەکان لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا.

وتیشی " ئەمە پەیامێکی ڕوون و ئاشکرا دەگەیەنێت بە ڕوسیا کە ئەوەی ئەنجامی داوە نرخی هەیە." ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ ژەهراویکردنی سیخوڕەکەی پێشووی ڕوسیا لە بەڕیتانیا و ڕۆژئاوا دەڵێن ڕوسیا بەرپرسیارە لە ئەنجامدانی ئەو کارە. حکومەتی ڕوسیاش ڕەتی دەکاتەوە پەیوەندیی بەو ژەهراویکردنەوە هەبێت.

بولگاریش ڕایگەیاند بانگی باڵیۆزی ڕوسیای کردووە لە وڵاتەکە بۆ باسکردن لە ڕووداوی ژەهراویکردنی سیخوڕەکە لە بەڕیتانیا.

وەزارەتی دەرەوەی مۆڵدۆڤا لە ماڵپەڕی خۆیدا ڕایگەیاند داوای لە سێ دیبلۆماتکاری ڕوسیی کردووە وڵاتەکە جێ بهێڵن لە ماوەی حەوت ڕۆژدا بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕیتانیادا.

هەروەها حکومەتی بەلجیکاش بڕیاریدا دبلۆماتکارێکی ڕوسی لە وڵاتەکەی دەربکات. بەرپرسێکی حکومەت جەختی لە بڕیارەکەی بەلجیکا کردەوە دوای کۆبوونەوەی وەزیرەکان.

جێی ئاماژەیە ڕۆژی دووشەممە حکومەتەکانی ئەوروپا و ئەمەریکا و وڵاتانی دیکە پلانی دەرکردنی زیاتر لە 100 دیبلۆماتکاری ڕوسییان ڕاگەیاند وەکو وەڵامدانەوەیەک بۆ ژەهراویکردنی سیخوڕەکەی پێشووی ڕوسیا لە بەڕیتانیا.

ستۆڵتنبێرگ وتیشی هاوپەیمانێتییەکە ڕەتی کردۆتەوە ئەو سێ دیبلۆماتکارە ڕوسییە وەربگرێت کە هەوڵیانداوە بگەنە بڕۆکسل.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG