Accessibility links

ڕابەرانی هاوپەیمانێتی ناتۆ داوای فشارێکی یەکلاکەرەوە دەکەن بۆ سەر کۆریای باکوور


ڕابەرانی هاوپەیمانێتی ناتۆ داوایان کرد هەموو وڵاتانی جیهان بەردەوام بن لەسەر فشارەکانیان بۆ سەر کۆریای باکوور و هەموو سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان جێبەجێ بکەن تاوەکو کۆریای باکوور ناچار بکەن دەست بەرداری چەکە ناوەکیی و کیمیایی و بایۆلۆجییەکەی بێت.

هەروەها ڕابەرانی ناتۆ نیگەرانی خۆیان پیشاندا سەبارەت بە تاقیکردنەوە موشەکییەکانی ئێران و وتیان ناتۆ پابەندە بەوەی کە بەرنامە ناوەکییەکەی ئێران دەبێت هەمیشە بۆ هۆکاری ئاشتیانە بەکاربهێنرێت.

لە کۆبوونەوەکەیاندا ڕابەرانی هاوپەیمانێتی ناتۆ ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و تیایدا دووبارە جەختیان لەوە کردەوە کە دەبێت نیمچە دوورگەی کۆریا خاڵی بکرێتەوە لە چەکی ناوەکیی بەشێوەیەک کە بتوانرێت پشتڕاست بکرێتەوە و پاشەکشەی لێنەکرێت.

ڕاگەیەندراوەکەی هاوپەیمانێتی ناتۆ پێشوازی لە گفتوگۆکانی نێوان کۆریای باشوور و ئەمەریکا و کۆریای باکوور کرد و وتی کارێکی باشە بە ئاڕاستەی گەیشتن بە ڕێکەوتنی نەهێشتنی تەواوەتی چەکی ناوەکیی و کۆتایی هێنان بە چەکی ناوەکیی کۆریای باکوور بەشێوەیەکی ئاشتیانە."

هەروەها تیایدا هاتووە دەڵێت " داوا لە کۆریای باکوور دەکەین هەموو بەرپرسیارێتییە نێودەوڵەتییەکانی جێبەجێ بکات و دەستبەرداری توانا ناوەکیی و کیمیایی و بایۆلۆجیی و موشەکە باڵیستیکییەکانی بێت و واز لە هەموو ئەو بەرنامانە بهێنێت کە پەیوەندییان بەو بابەتانەوە هەیە."

هەروەها داواشیان لە کۆریای باکوور کردووە بگەڕێتەوە بۆ پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ناوەکیی و بەشدار بن لە ڕێکەوتنی چەکی کیمیاییدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG