Accessibility links

ستۆڵتنبێرگ: پێدەچێت ناتۆ هێزی زیاتر ڕەوانەی بەرەی ڕۆژهەڵاتی هاوپەیمانێتیەکە بکات


UKRAINE-CRISIS/NATO-STOLTENBERG
UKRAINE-CRISIS/NATO-STOLTENBERG

سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ وتی پێدەچێت ڕۆژی پێنجشەممە هاوپەیمانێتیەکە بڕیارێک دەربکەن بۆ زیادکردنی هێزە سەربازییەکان لە بەرەی ڕۆژهەڵاتی هاوپەیمانێتییەکە، هاوکات هۆشداریشیدایە ڕووسیا دژی بەکارهێنانی چەکی ناوەکی.

هاوپەیمانێتی ناتۆ بەشێوەیەکی بەرچاو ژمارەی هێزەکانی لە سنووری ڕۆژهەڵاتی هاوپەیمانێتییەکە زیادکردووە، نزیکەی 40,000 هێزی لە باڵتیکەوە بۆ دەریای ڕەش بڵاوکردۆتەوە، هەوڵیش دەدات چوار یەکەی شەڕکەری نوێ ڕەوانەی بولگاریا و هەنگاریا و ڕۆمانیا و سلۆڤاکیا بکات.

سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ پێش کۆبوونەوەکەی هاوپەیمانێتیەکە لە بڕۆکسل وتی " پێشبینی ئەوە دەکەم ڕابەرانی وڵاتانی هاوپەیمانێتییەکە پێگەی ناتۆ لەسەرجەم ڕووەکانەوە پتەوتر بکەن، ئەوەش لەڕێی زیادکردنێکی بەرچاوی هێزەکانەوە لە بەشی ڕۆژهەڵاتی هاوپەیمانێتییەکە و زیادکردنی هێزەکان لە وشکانی و ئاسمان و دەریاشدا."

دوای ئەوەی لە ساڵی 2014 دا ڕووسیا نیمچە دورگەی کرایمییەی ئۆکرانیای لەخۆگرت، هێزی شەڕکەری دیکەی هاوپەیمانێتیەکە کە ژمارەیان دەگەیشتە 5000 سەرباز ڕەوانەی سێ وڵاتی باڵتیک و پۆڵەندا کران، لەو کاتەشدا چوار یەکەی شەڕکەری دیکە لە ناوچەکەدا بوون.

ستۆڵتنبێرگ وتی قەیرانەکانی ئۆکرانیا دەریخست کە ناتۆ دەبێت پێگەی بەرگری و بەربەست دانانەکەی بگۆڕێت، بەشێوەیەک کە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بگونجێت، ئەمەش بابەتێکە کە ڕابەرانی هاوپەیمانێتی ناتۆ لە کۆتایی مانگی شەشدا لە کۆبوونەوەکەیاندا لە مەدرید تاوتوێی دەکەن.

ستۆڵتنبێرگ بە ڕۆژنامەنووسانی وت " بارودۆخەکە بەپەلەیە چونکە ناتوانین ئاشتی پشتگوێ بخەین."

ستۆڵتنبێرگ وتی بڕیارە ڕابەرانی ناتۆ لەسەر پێشکەشکردنی یارمەتی دیکە بۆ ئۆکرانیا ڕێکبکەون، لەو یارمەتیانەش ئەو کەلوپەلانە لەخۆدەگرێت کە یارمەتی ئۆکرانیا دەدەن خۆیان لە هەڕەشەی چەکی کیمیایی و بایەلۆجی و تیشک و ناوەکی بپارێزن.

هەروەها هۆشداریدایە ڕووسیا دژی بەکارهێنانی چەکی ناوەکی و بایەلۆجی و کیمیایی لە ئۆکرانیا، هاوکات جەختیشی لە ئامادەیی ناتۆ کردەوە بۆ " پاراستن و بەرگریکردن لە هاوپەیمانان دژی هەر هەڕەشەیەک لە هەر کاتێکدا."

وتی " پێویستە ڕووسیا واز لەم لێدوانە نابەرپرسیارانە بهێنێت لەسەر چەکی ناوەکی. ڕووسیا دەبێت لەوە تێبگات کە هەرگیز ناتوانێت لە جەنگی ناوەکیدا سەرکەوتوو بێت." ئاماژەشی بەوەدا بەکارهێنانی هەر جۆرە چەکێکی بایەلۆجی یاخود کیمیایی " دەرەنجامێکی زۆر گەورە و دوورودرێژی لێدەکەوێتەوە."

هەروەها داواشی لە چین کرد سەرکۆنەی جەنگەکەی ڕووسیا بکات لە ئۆکرانیا و " یارمەتی ماددی " ڕووسیا نەدات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG