Accessibility links

ستۆڵتنبێرگ دەڵێت ' هیچ مەترسییەکی سەربازیی دەستبەجێ ' لەسەر هاوپەیمانێتی ناتۆ نییە


سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ
سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ

سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند " هیچ مەترسییەکی سەربازیی دەستبەجێ " نییە لەسەر هیچ ئەندامێکی هاوپەیمانێتییەکە، ئەوەش دوای ئەوەی کرێملن ڕۆژئاوای تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی ئەگەری پەرەدان بە جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا.


لێدوانەکانی ستۆڵتنبێرگ هاوکاتە لەگەڵ زیادبوونی گرژییەکانی نێوان ڕووسیا و ئەندامانی ناتۆ.


هەفتەی ڕابردوو کرێملن ڕۆژئاوای تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی " چوونە ناو خولێکی نوێی پەرەسەندنی گرژییەکانەوە." ئەوەش دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن کۆتوبەندەکانی سەر ئۆکرانیای لابرد لەسەر بەکارهێنانی چەکە ئەمەریکاییەکان دژی ئامانجەکانی ناو خاکی ڕووسیا، بەڵام تەنها بۆ بەرگریکردن لە خارکیڤ.

ستۆڵتنبێرگ لە ماوەی سەردانێکیدا بۆ سویدی تازە ئەندام لە ناتۆدا وتی " هەتاوەکو ئەو کاتەی کە هیچ بوارێک نەهێڵینەوە بۆ هەڵە تێگەیشتن یاخود هەڵسەنگاندنی هەڵە لەلایەن مۆسکۆ و هەر پایتەختێکی دیکەی ئەو وڵاتانەوە کە دەکرێت هێرش بکەنە سەرمان، هیچ مەترسییەکی سەربازیی دەستبەجێ لەسەر ئەندامانی ناتۆ نابێت."

بەپێی بەندی پێنجی هاوپەیمانێتی ناتۆ، هێرشکردنە سەر هەر وڵاتێکی ئەندام بە هێرشکردنە سەر سەرجەم ئەندامانی هاوپەیمانێتییەکە دادەنرێت و دەبێت سەرجەم ئەندامانی دیکەی هاوپەیمانێتییەکە بەرگری لەو وڵاتەی هاوپەیمان بکەن کە هێرشی کراوەتە سەر.

کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی کە ئایا ڕووسیا بە نیازە بەندی پێنجی هاوپەیمانێتییەکە تاقی بکاتەوە، ستۆڵتنبێرگ وتی " هیچ مەترسییەکی سەربازیی دەستبەجێ لەسەر هیچ وڵاتێکی ناتۆ نابینین."

سەرۆک وەزیری سوید ئوڵف کریستەرسن لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ ستۆڵتنبێرگ ڕایگەیاند کە هێزی ئاسمانی سوید پەیوەندی بە ئەرکی هێزی ئاسمانی پۆلیسی ناتۆوە دەکات، فڕۆکە شەڕکەرە گریپینەکانی سوید ئەرکی ئێشکگری لە ئاسمانی وڵاتانی باڵتیکدا ئەنجام دەدەن.

هەر لە ڕۆژی هەینیدا، سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی داوای لە ڕۆژئاوا کرد کاری زیاتر بکەن بۆ ئاشتییەکی دادپەروەرانە لە کاتێکدا کە ئۆکرانیا ڕووبەڕووی داگیرکارییەکەی ڕووسیا دەبێتەوە.

کیێڤ داوای لە ئەوروپا کردووە یارمەتییە سەربازییەکانی بۆ وڵاتەکە زیاد بکات، لە کاتێکدا کە لەم چەند مانگەی ڕابردوودا ڕووسیا لە گۆڕەپانی جەنگەکەدا باڵادەست بووە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG