Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان: موسوڵمانەکانی ڕۆهینجیا هێشتا لە دەست ئەشکەنجەدان و توندوتیژی لە میانمار هەڵدێن


نوێنەری مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمیر زەید بن ڕەعد وتی موسوڵمانەکانی ڕۆهینجیا هێشتا لە دەست توندوتیژی و کوشتن و سوتانی ماڵەکانیان لە ویلایەتی ڕاخینی میانمار هەڵدێن.

لە کۆتا لێدوانەکانیدا لەبەردەم ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان پێش ئەوەی لە 31 ی مانگی هەشتدا واز لە کارەکەی بهێنێت، ئەمیر زەید بن ڕەعد گومانی هەبوو لەسەر لێدوانەکانی بەرپرسانی میانمار کە دەڵێن حکومەت پابەندە بە بەرگریکردن لە مافی هەمووان نەک تەنها یەک نەتەوەی دیاریکراو.

وتی " لە ماوەی ئەو چوار ساڵەدا کە وەکو نوێنەری مافەکانی مرۆڤ کارم کردووە گوێم لە زۆر لێدوانی نا لۆجیکی بووە. ئەم لێدوانەش زۆر سەیرە. تۆ شەرم ناکەیت بەڕێز، شەرم ناکەیت؟ ئێمە گەمژە نین."

بەرپرسی وەزارەتی دەرەوەی میانمار کیاو مو تون وەڵامی لێدوانەکانی ئەمیر زەیدی نەدایەوە کە ماوەی دوو کاتژمێری خایاند.

لە ماوەی ڕابردوودا کیاو لە میانەی دانیشتنێکدا وتی زانیاریەکانی ئەمیر زەید هەڵەن و زیادەڕۆییان تێدا کراوە. هەروەها لۆمەی ئەو چەکدارانەی کرد کە هێرشیان کردبووە سەر هێزەکانی حکومەتی میانمار.

کیاو وتی " هۆکاری سەرەکی ئەم کارەساتە تیرۆر و تیرۆرە و ناکرێت لە ژێر هیچ بارودۆخێکدا پشت گوێ بخرێت."

ئەمیر زەید وتی لە دەستپێکی ئەمساڵەوە 11432 هەزار ڕۆهینجیا گەیشتوونەتە بەنگلادیش و زیاتر لە 700 هەزار ماڵ و حاڵیان بەجێ هێشتووە لەو کاتەوەی کە ئەرکە سەربازییەکەی حکومەتی میانمار دەستی پێکرد لە ویلایەتی ڕاخین.

وتیشی " چەندێک قسە زیاتر بکرێت ناتوانیت بیانوو بۆ ئەم ڕاستیان بهێنیتەوە. هێشتا خەڵک لە دەست کوشتاری و توندوتیژی ڕاخین بەجێ دە‌هێڵن و هێشتا ئامادەن ژیانی خۆیان بخەنە مەترسییەوە لە ناو دەریادا تاوەکو بتوانن هەڵبێن."

وتیشی زۆربەی پەنابەرانی ڕۆهینجیا باسیان لەوە کردووە کە ڕووبەڕووی فشار بوونەتەوە لەلایەن بەرپرسانی میانمارەوە.

کیاو وتی " ئەرکی سەرەکی حکومەت دۆزینەوەی چارەسەرێکی هەمیشەییە لە ڕاخین." وتیشی لەگەڵ بەنگلادیشدا ڕێکەوتووە تاوەکو دوو ساڵی تر هەموو پەنابەرەکان بنێردرێنەوە بۆ میانمار.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG