Accessibility links

بەنگلادیش داوا دەکات فشار بخرێتە سەر میانمار تاوەکو ڕۆهینجیاکان بگەڕێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان


سەرۆک وەزیری بەنگلادیش داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد فشارەکانیان بۆ سەر میانمار چڕتر بکەنەوە تاوەکو سەدان هەزاران ڕۆهینجیا بگەڕێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان.

سەرۆک وەزیری بەنگلادیش شێخ هاسینا لەمیانەی کردنەوەی بانکی هەرێمی ئیسلامی بۆ گەشەپێدان لە داکای پایتەختی بەنگلادیش وتی " سەرەڕای ئەو کاریگەرییە خراپەی کە هەیەتی لەسەر پێداویستییەکان و دانیشتوانی ناوخۆ، سنوورەکانمان کردەوە بۆ وەرگرتنی ژمارەیەکی زۆر موسوڵمانی ڕۆهینجیا وەکو کارێکی مرۆیی."

وتیشی " داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەم ڕێوشوێنی دیاریکراو بگرێتەبەر بۆ زیادکرنی فشارەکان بۆ سەر میانمار تاوەکو ڕێکەوتنەکە جێبەجێ بکات."

دوای هەڵمەتە سەربازییەکەی میانمار بۆ سەر موسوڵمانانی ڕۆهینجیا لە ساڵی ڕابردوودا، 700 هەزار پەنابەری ڕۆهینجیا هەڵهاتن و لە سنووری ڕۆژئاوای میانمار پەڕینەوە بۆ بەنگلادیش.

شێخ هاسینا وتی " بانکی ئیسلامی بۆ گەشەپێدان ناکرێت بە بێدەنگی بمێنێتەوە لەکاتێکدا موسوڵمانانی ڕۆهینجیا پاکتاوی ڕەگەزییان بەرامبەر دەکرێت."

لە مانگی یانزەی ساڵی ڕابردوودا بەنگلادیش و میانمار گەیشتنە ڕێکەوتنێک تیادا دەبوو لە ماوەی دوو مانگدا پەنابەرانی ڕۆهینجیا بگەڕێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان، بەڵام ڕێکەوتنەکە جێبەجێ نەکراوە.

میانمار دەڵێت ئامادەیە پەنابەرەکان وەربگرێتەوە. بەڵام گروپەکانی بەرگریکار لە مافەکانی مرۆڤ دەڵێن بارودۆخی ویلایەتی ڕاخین باش نیە بۆ وەرگرتنەوەی پەنابەرەکان.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG