Accessibility links

میانمار بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت پەنابەرانی ڕۆهینگا لە بەنگلادیش دەتوانن بگەڕێنەوە


میانمار بە لیژنەی کاروباری پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکانی ڕاگەیاند ئەرکی سەرەکییەکان گەڕاندنەوەی ڕۆهینگاکانە کە هەڵهاتوون بۆ بەنگلادیش، بەڵام دەبێت کاری زیاتر بکرێت بۆ سەقامگیری لە ویلایەتی ڕاخین لە باکووری وڵاتەکە.

وەزیری دەرەوەی بەنگلادیش ئەبو حەسەن مەحمود عەلی وتی بەنگلادیش و میانمار ڕێکەوتوون لەسەر پێکهێنانی کۆمەڵێک پلانی کار سەبارەت بە گەڕاندنەوەی زیاتر لە نیو ملیۆن موسوڵمانی ڕۆهینگا کە هەڵهاتن بۆ بەنگلادیش لە ترسی کارە توندڕەوەکانی سوپا.

وین میات ئای وەزیری یەکێتی لە میانمار لەبەردەم لیژنەی جێبەجێکاری نێودەوڵەتیدا قسەی کرد دوای ئەوەی داوای لە نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران کرد چارەسەری بابەتەکانی هاوڵاتیبوون و مافەکانی ڕۆهینگا بکات.

وەزیرەکە لەبەردەم لیژنەکەدا لە جنێڤ وتی " ئەرکی سەرەکیمان گەڕاندنەوەی پەنابەرەکانە کە هەڵهاتوون بۆ بەنگلادیش."

وتیشی " کارەکە دەتوانرێت لە هەر کاتێکدا بێت بکرێت سەبارەت بەو کەسانەی کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ میانمار. ئەرکی لێکۆڵینەوە لە پەنابەرەکانیش بەپێی ڕێکەوتننامەیەک دەبێت لەنێوان حکومەتی میانمار و بەنگلادیشدا کە لەساڵی 1993دا بەستراوە."

وین میات ئای گروپە تیرۆریستییەکانی تۆمەتبار کرد بەوەی کە لە 25 ی مانگی هەشتدا هێرشیان کردە سەر شوێنەکانی پۆلیس و ئەوەش بووە هۆی ئەوەی موسوڵمانەکانی ڕۆهینگا بە کۆمەڵ هەڵبێن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG