Accessibility links

پۆلیس: 12 ڕۆهینجیا لە ڕێگەیاندا بۆ بەنگلادیش دەخنکێن


پۆلیس ڕایگەیاند نزیکەی 12 پەنابەری موسوڵمانەکانی ڕۆهینجیا کە زۆربەیان منداڵ بوون خنکاون کاتێک لە ڕێگەیاندا بۆ بەنگلادیش بەلەمەکەیان نقوم بووە.

ئەوانەش نوێترین قوربانییەکان بوون کە لە ئەنجامی توندوتیژییەکانی میانمارەوە نیو ملیۆن کەس لە وڵاتەکە هەڵهاتن.

بەرپرسانی بەنگلادیش دەڵێن بەلەمەکە نزیک شا بۆری دویبی باکووری وڵاتەکە نقوم بووە.

تا ئێستا نەزانراوە چەند کەس لەسەر بەلەمەکە بوون بەڵام بەلەمەکانی ڕاوچییەکان زۆرکات دەیان موسوڵمانی ڕۆهینجیا دەگوازنەوە کە لە ئەنجامی توندوتیژییەکانی میانمارەوە هەڵهاتوون.

ئەفسەرێکی پۆلیسی بەنگلادیش بە ڕۆیتەرزی وت بەرپرسان لاشەی 12 کەسیان دەرهێناوەتەوە کە دە کەسیان منداڵن و دوانەکەی تریان پیاوێک و ئافرەتێک بوون.

هەروەها بەرپرسان ڕاشیانگەیاند نزیکەی هەشت کەسیان ڕزگارکردووە.

جێی ئاماژەیە نزیکەی 519 هەزار ڕۆهینجیا لە 25 ی مانگی هەشتەوە لە میانمار هەڵهاتوون دوای ئەوەی توندڕەوانی ڕۆهینجیا کۆمەڵێک هێرشیان کردە سەر شوێنەکانی پۆلیس و سوپا لە ویلایەتی ڕاخین و ئەوەش بووە هۆی ئەوەی هێزەکانی ئاسایشی میانمار بە توندی وەڵام بدەنەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG