Accessibility links

لەدوای کودەتاکەی میانمارەوە زیاتر لە 500 کەس کوژراون


لە دوای کودەتا سەربازییەکەی میانمارەوە بەسەر حکومەتی مەدەنی وڵاتەکە لە 1ی مانگی دوودا، زیاتر لە 500 کەس کوژراون، لەنێویشیاندا ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکار و گەنج و منداڵیان تێدایە، هاوکاتیش هۆزە یاخیبووە چەکدارەکان هەڕەشەی ئەوە دەکەن ئەگەر هاتوو خوێن ڕشتن بەردەوام بێت ئەوا دژی ئەنجومەنی سەربازیی دەچنە پاڵ خۆپیشاندانەکانەوە.

سەرکردە سەربازییەکانی میانمار بەردەوامن لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان بە خوێن ڕشتن، بەبێ ئەوەی گوێ بدەنە سەرکۆنەکردن و سزاکانی وڵاتانی ڕۆژئاواوە.

کۆمەڵەی یارمەتیدانی زیندانیە سیاسییەکان لە بەیاننامەیەکدا وتی " 510 حاڵەتی گیان لەدەستدانمان تۆمارکردووە." هۆشیاریشیدا لەوەی پێدەچێت " ژمارەی کوژراوان زۆر لەوە زیاتر بێت." ئەمە لەکاتێکدا سەدان کەس لەوانەی لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا دەستگیرکراون بێسەروشوێنن.

ڕۆژی شەممە هێزە چەکدارەکانی میانمار لانی کەم 107 کەسیان کوشت، لەنێویشیاندا حەوت منداڵیان تێدابووە.

هەروەها لەسەر ئەم خوێن ڕشتنە هۆزە یاخیبووە چەکدارەکان هەڕەشەی بەرپەرچدانەوەی ئەنجومەنی سەربازییان کرد.

لە بەیاننامەیەکی هاوبەشی هۆزەکاندا کە بە تایبەتی " سوپای ئەرکان " واژۆی کردووە هاتووە دەڵێت " ئەگەر هێزەکانی ئاسایش بەردەوام بن لە کوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنی ئەوا یارمەتی خۆپیشاندەران دەدەین و وەڵام دەدەینەوە."

سوپای ئەرکان گروپێکی چەکداریین لە میانمار و هەزاران ئەندامیان هەیە و بەشێوەیەکی باش ئامادەکراون.

لەلای خۆیەوە ئەندامی مافەکانی مرۆڤ لە یەکێتی نێودەوڵەتی دێبی ستوثارد بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت " ڕەوشەکە پێدەچێت بەرەو شەڕێکی بەرفراوانی ناوخۆ بڕوات. ئەنجومەنی سەربازی نایەوێت دەستبەرداری هیچ شتێک ببێت، خۆپیشاندەرانیش کە تاوەکو ئێستا زۆرینەیان بە ئاشتیانە داوا دەکەن، خەریکە بەلای ئەوەدا دەڕۆن داوای یارمەتی لە هۆزە چەکدارەکان بکەن تاوەکو بیانپارێزن."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG