Accessibility links

هێزەکانی عێراق ڕووبەڕووی بەرەنگاربوونەوەیەکی سەخت دەبنەوە


هێزەکانی عێراق ڕووبەڕووی بەرەنگاربوونەوەیەکی سەخت بوونەوە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە بە قەناس و تۆپهاوێژ و هاوەن لە پێشڕەوییاندا بۆ سەر گەڕەکێکی کۆنی موسڵ و یەکێک لە پردەکانی ڕووباری دیجلە لە هەوڵیاندا بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی بەشی ڕۆژئاوای شارەکە.

کاربەدەستانی سەربازیش وتیان پێشڕەوییەکانی یەکەکانی بەرپەرچدانەوەی خێرا هێواش بوونەتەوە بەهۆی بارانی زۆرەوە بەڵام تەنها سەد مەتر دووربوون لە پردە ئاسنییەکەی کە گەڕەکی کۆن و بەشی ڕۆژئاوای شاری موسڵ بەیەکەوە دەبەستێتەوە.

لەوەتەی هێرشەکە دەستی پێکردووە هێزەکانی عێراق بەپشتیوانی هاوپەیمانان کە ئەمەریکا سەرکردایەتی دەکات توانیویەتی بەشی ڕۆژهەڵاتی شاری موسڵ و لە سەدا 30ی بەشی ڕۆژئاوای شارەکە کۆنتڕۆڵ بکاتەوە لەژێر دەستی چەکدارانی داعش کە ئێستا ژمارەیان کەمترە بەڵام زۆر بە قورسی بەرگری دەکەن لە کۆتا شوێنی سەرەکییاندا لە عێراق.

پۆلیس و یەکەکانی بەرپەرچدانەوەی خێرای سەر بە وەزارەتی ناوخۆ لەم هەفتەیەدا ڕایانگەیاند چوونەتە ناو ناوچەی باب ئەل توب لە گەڕەکی کۆن کە وا چاوەڕوان دەکرێت شەڕەکە زۆر قورستر بێت بەهۆی تەسکی ڕێڕەوەکانەوە بەڵام پێشڕەوییەکان لەوێ ڕۆژی دووشەممە هێواش بوونەوە.

ئەفسەرێکی یەکەی بەرپەرچدانەوەی خێراش بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند " بەهۆی کەش و هەوای خراپەوە هەتاکوو ئێستا کارەکان وەستاون. ڕووبەڕووی بەرەنگاربوونەوەیەک توند بووینەتەوە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە بە تۆپهاوێژ و قەناس هاوەن."

ئەفسەرێکی عێراقیش وتی " لەسەر پردە کۆنەکە دەجوڵێین دواتر ئەو ناوچەیە ئازاد دەکەین و هیوادارین بەشی ڕۆژئاوای موسڵ لەماوەی چەند ڕۆژێکدا ئازاد بکەین."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG