Accessibility links

وەزیری دەرەوەی مەغریب: پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسڕائیل پێش ڕێکەوتنەکەش ئاسایی بووە


وەزیری دەرەوەی مەغریب ناسڕ بۆڕیتە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی " یەدیعوت ئاحرونوت " ی ئیسڕائیلیدا وتی پەیوەندیەکانی نێوان مەغریب و ئیسڕائیل " تەنانەت پێش ڕێکەوتنەکەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانش هەر ئاسایی بووە."

بۆڕیتە جەختیشی لەوە کردەوە " ئێمە باس لە ئاساییکردنەوە ناکەین چونکە پێشتریش ئاسایی بووە، ئیمە باس لە دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکەمان دەکەین وەکو پێشتر، چونکە پەیوەندییەکان هەمیشە بەهێز بوون و هەرگیز نەوەستاوە."

ڕۆژی پێنجشەممە سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ ڕایگەیاند دان دەنێت بە سەروەری مەغریبدا بەسەر بیابانی ڕۆژئاوادا، کە ناوچەیەکی جێناکۆکی لەسەرە، هەروەها ڕێکەوتنەکەی نێوان مەغریب و ئیسڕائیلیشی ڕاگەیاند و سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهوش پێشوازی لەو ڕاگەیاندنە کرد.

بۆڕیتە وتی " پەیوەندییەکانی نێوان ئیسڕائیل و مەغریب تایبەتین و ناتوانیت بەراوردی بکەیت بە پەیوەندییەکانی ئیسڕائیل لەگەڵ هیچ وڵاتێکی دیکەی عەرەبیدا."

وتیشی " مەغریب مێژووییەکی گرنگی هەیە لە جووەکاندا، هەروەها مێژوویەکی تایبەتیشی هەیە لە جیهانی عەرەبیدا، پاشا و پاشاکانی پێشووش لەنێویشیاندا حەسەنی دووەم ڕێزیان لە جووەکان گرتووە و پاراستوویانن، پەیوەندییەکانی نێوان مەغریب و جووەکان تایبەتین و ناتوانیت هاوشێوەی ئەو پەیوەندییانە لە هیچ وڵاتێکی دیکەی عەرەبیدا بدۆزیتەوە."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG