ڕۆژی یەکشەممە هاووڵاتیانی مەغریب پرسە و ماتەمینییان بۆ قوربانییانی بومەلەرزە وێرانکارەکە گێڕا کە بووەتە هۆی گیان لە دەستدانی زیاتر لە 2000 کەس، لە کاتێکدا تیمەکانی فریاگوزاری بەپەلە لە هەوڵی دۆزینەوەی ئەو کەسانەدا بوون کە لە ژێر داروپەردووی گوندە وێرانبووەکاندا گیرییان خواردووە.
بەپێی نوێترین ژمارە فەڕمییەکان، بومەلەرزە بەهێزەکەی مەغریب بووەتە هۆی گیان لە دەستدانی لانیکەم 2,012 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 2000 کەسی دیکە، زۆربەی بریندارەکانیش لە دۆخێکی خراپدان.
بومەلەرزەکەی ڕۆژی هەینی بە گوڕی 6.8 لە باشووری ڕۆژئاوای مەراکیشیدا و سەرجەم گوندەکانی چیاکانی ئەتڵەس و ناوچە شاخاوییەکانی وێران کرد.
هێزە سەربازییەکان و تیمەکانی فریاکەوتن ڕەوانەکراون بۆ ئەو گوندە دوورەدەستانەی کە هێشتا ترسی ئەوە هەیە هاووڵاتیانی لە ژێر داروپەردووی ماڵەکاندا گیرییان خواردبێت.
بەرپرسانی مەغریب دەڵێن پارێزگای ئەل هەوز کە ناوەندی بومەلەرزەکە بووە، زۆرترین حاڵەتی گیان لە دەستدانی تێدا بووە، بە جۆرێک 1,293 کەسدا لەو پارێزگایە گیانییان لە دەستداوە، دواتر پارێزگای تارۆدانت دێت کە 452 کەس تێیدا گیانییان لە دەستداوە.
ڕۆژی یەکشەممە هاووڵاتییان بەپەلە گەیشتنە نەخۆشخانەکانی مەراکیش تاوەکو خوێن ببەخشن، ئەوەش لە پێناو یارمەتیدانی برینداربووەکاندا.
مەغریب سێ ڕۆژی ماتەمینی لە سەرانسەری وڵاتەکەدا ڕاگەیاند، هاوکات وڵاتانی وەکو فەڕەنسا و ئیتاڵیا و ئیسڕائیل و ئیسپانیا و ئەمەریکا یارمەتییان پێشکەش کردووە.
جێگری ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جۆن فینەر وتی " تیمەکانی گەڕان و فریاگوزاریمان ئامادەن بۆ ڕەوانەکردن، هەروەها ئامادەین لە کاتی گونجاودا یارمەتی داراییش دابین بکەین."
هاوکات ئیسپانیا وتی تیمی گەڕان و فریاگوزاری و یارمەتییەکانی دیکە ڕەوانە دەکات، ئەوەش دوای ئەوەی داوایەکی فەڕمی بۆ یارمەتی لە ڕیباتەوە بە دەست گەیشتووە.
جەزائیر کە لە مێژە پەیوەندییەکی خراپی لەگەڵ مەغریبی دراوسێیدا هەیە، سنووری ئاسمانی وڵاتەکەی بە ڕووی مەغریبدا کردەوە، کە ماوەی دوو ساڵە داخراوە، ئەوەش بۆ ئەو گەشتانەی کە یارمەتییە مرۆییەکان دەگوازنەوە بۆ مەغریب و بریندارەکانیش دەگوازنەوە.
سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو کە وڵاتەکەی لەم ساڵانەی ڕابردوودا پەیوەندییەکانی لەگەڵ مەغریبدا ئاسایی کردەوە، وتی تیمی گەڕان و فریاگوزاری ڕەوانەی مەغریب دەکات، وتیشی " لەم ساتە سەختەدا ئیسڕائیل لە پاڵ مەغریبدا دەوەستێت."
سەرچاوە/ فرانس پرێس