Accessibility links

لە ئاکامی شەڕ لە یەمەن ڕۆژانە ١٣٠ منداڵ دەمرن


گرووپێکی فریاکەوتنی نێونەتەوەیی دەڵێت مەزەندە دەکات کە ڕۆژێ ١٣٠ منداڵ یان ژمارەیەکی زیاتر لە وڵاتی شەڕلێدراوی یەمەند دا، لە ئاکامی برسێتی و نەخۆشیدا گیان دەسپێرن.

ڕێکخراوی ناسراو بە "منداڵان ڕزگار بکەن"، ڕایگەیاند کە دەورەدانی درێژخایەنی سەرهەڵداوانی شیعەی یەمەن، لە لایەن هێزەکانی هاوپەیمان بە سەرپەرستی سعودی، ڕەنگە ژمارەی ئەو مردنانە زیاتر بکات. بە گوێرەی ئاماری ئەو ڕێکخراوە، لە ساڵی ٢٠١٧، زیاتر لە ٥٠ هەزار منداڵ لە یەمەن گیانیان لە دەست دا.

عەڕەبستان دوای ئەوەی سەرهەڵداوانی حوسی کە ئێران پشتیوانیانە، موشەکێکیان هاویشتە نزیک ڕیاز، بەندەرەکانی یەمەنیان دەورەدا و بەربەستیان کرد بەڵام هێزەکانی یەکگرتوو و لایەنگری سعودی کە بە هۆی ئەو دەورە دانە بە توندی ڕەخنەیان لێگیرا، ڕۆژی دووشەمە گوتیان کە بە زوویی ئەو دەورەدانی بەندەرەکان هەڵدەوەشێننەوە.

رۆژی سێ شەمە بەڕێوەبەرانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، ئاژانسی منداڵان سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و پڕوگرامی جیهانی بۆ خواردەمەنی، لە بەیانیەیەکی هاوبەشدا خوازیاری کەمکردنی ڕادەی دەورەودانی بەندەرەکانی یەمەنیان کرد.

هێزەکانی یەکگرتوو بە ڕێبەری سعودی لە مانگی مارسی ٢٠١٥ بە پشتیوانی دەوڵەتی یەمەنە کە جێگای پەسندی کۆمەڵگای نێونەتەوەییە، لە دژی سەرهەڵداوانی یەمەن کە بە "حوسی" دەناسرێن، چۆ نێو شەڕەوە. بەڵام سەرکەوتنێکی ئەوتۆی بە دەست نەهێنا و سەرهەڵداوان هێشتا بەشێکی زۆری باکووری یەمەن، لە نێو ئەوان دا سەنعای پێتەخت لە کۆنتڕۆڵیان دایە.

لە شەڕی یەمەن تا ئێستا ١٠ هەزار کەس کوژراو و زیاتر لە ٣ ملیۆن کەس ئاوارە و بێماڵ بوونە.

XS
SM
MD
LG