Accessibility links

دی میستۆرا: جوڵەیەک دەبینین لە پڕۆسەی سیاسی سوریادا


نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا ستافان دی میستۆرا

نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا ستافان دی میستۆرا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند بەرپرسانی ئەمەریکی بەشدار دەبن لە دانوستانەکانی جنێڤدا سەبارەت بە پێکهێنانی لیژنەیەکی دەستووری سوریا.

دی میستۆرا بەنیازە لە دەستپێکی هەفتەی داهاتوودا لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا و ئێران و ڕوسیادا کۆببێتەوە و وتی پێشبینی کۆبوونەوەیەکی هاوشێوەش دەکات لە 25 ی مانگی شەشدا لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکی و سعودی و بەڕیتانی و فەڕەنسی و ئەڵمانی و ئەردەنیدا.

دی میستۆرا بە ڕۆژنامەنووسانی وت " جووڵەیەک دەبینین و هەوڵیش دەدەین ئەو جووڵەیە زیاتر بکەین."

وتیشی " با ڕاشکاوانە قسە بکەین، پێشبینی شتی گەورە ناکەم بەڵام بڕوام بەوە هەیە کە دەکرێت پێش بکەوین و جووڵەیەک هەیە بەو ئاڕاستەیەدا و پێویستە لەسەر ئەوە بنیاد بنێین."

جێی ئاماژەیە دی میستۆرا سەرپەرشتی کۆمەڵێک خولی دانوستانەکانی ئاشتی سوریای کردووە بەڵام هیچ کام لەوانە سوودیان نەبووە بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگی ناوخۆی سوریا کە زیاتر لە حەوت ساڵە بەردەوامە و لایەنەکانیش هیچ نزیک نەبوونەتەوە لەیەکتر.

لە مانگی یەکدا کۆنگرەی سوری کە لە سوچی ڕوسیا بەڕێوە چوو، لەو کۆنگرەیەدا ڕێکەوتن لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەکی دەستووری، مانگی ڕابردووش حکومەتی سوریا لیستێکی پێشکەش کرد کە ناوی 50 کاندیدی تێدایە بۆ ئەو لیژنە دەستووریە.

دی میستۆرا وتی هیوادارە کاندیدیشی لە ئۆپۆزسیۆنی سوریاوە دەست بکەوێت کە زۆر بەجددی کار دەکات بۆ ئامادەکردنی ئەو لیستە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG