Accessibility links

لە ئەنجامی تەقینەوەیەکدا لە ڕێستۆرانتێک لە کەنەدا 15 کەس برینداربوون


بەرپرسانی کەنەدی وتیان دوو کەسی نەناسراو ڕۆژی پێنجشەممە چوونەتە ناو ڕێستۆرانتێکەوە لە شاری میسیساگا و بۆمبێکیان تەقاندۆتەوە، لە ئەنجامدا 15 کەس برینداربوون و خۆشیان هەڵهاتوون.

خزمەتگوزاری ڕیجناڵ پیڵی پارامێدیک لە تویتێکدا وتی تەقینەوەکە لە ڕێستۆرانتی بۆمبای بێڵ ڕوویداوە. پانزە کەس ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون و سێ کەسیان برینەکانیان سەختە.

پۆلیسی ناوچەکە لە تویتێکدا ڕایگەیاند دوو پیاوە گومانلێکراوەکە چوونەتە ڕێستۆرانتەکەوە و بۆمبێکیان تەقاندۆتەوە، گومانلێکراوەکان هەڵهاتوون.

تا ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی هێرشەکەیان ڕانەگەیاندووە.

هێرشەکەی میسیساگا کە شەشەم گەورەترین شاری کەنەدایە، مانگێک دوای هێرشێکی دیکە دێت کە ئوتومبێلێکی ڤان خۆی کرد بە قەرەباڵغیەکدا لە تۆرۆنتۆ و لە ئەنجامدا 10 کەس کوژران و 15 کەسی دیکە برینداربوون.

میسیساگا دەکەوێتە سەر دەریاچەی ئۆنتاریۆ نزیکەی 20 مایڵ ڕۆژئاوای تۆرۆنتۆ.

سەرچاوە/ VOA

XS
SM
MD
LG