Accessibility links

کۆمەڵێک موشەک بنکەیەکی سەربازی لە ڕۆژئاوای عێراق دەکەنە ئامانج


سەرچاوەکانی ئاسایشی عێراق و ڕۆژئاوا وتیان لانی کەم 10 موشەک بنکەی سەربازی عەین ئەسەدییان لە ڕۆژئاوای عێراق کردە ئامانج کە هێزەکانی ئەمەریکاش لەخۆدەگرێت. ئەمەش دوو ڕۆژ پێش سەردانە مێژووییەکەی پاپا فرانسیس بۆ عێراق.

ئەم هێرشە ئەرکە لۆجیستیەکانی سەردانەکەی پاپا قورس دەکات، بەتایبەتی لەکاتێکدا کە شەپۆلی دووەمی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراقدا بڵاوبۆتەوە و کۆمەڵێک ڕێوشوێن بۆ ڕێگریکردن لە ڤایرۆسەکە گیراوەتەبەر.

وتەبێژی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی جیهادییەکانی عێراق واین ماروتۆ لە تویتێکدا وتی " 10 موشەک بنکەی سەربازی عێراقی عەین ئەسەدییان کردۆتە ئامانج کە هێزەکانی هاوپەیمانانی تێدایە."

ماروتۆ وتی " هێزەکانی ئاسایشی عێراق سەرپەرشتی لێکۆڵینەوەکان دەکەن لە هێرشەکە."

سەرچاوەیەکی ئاسایش جەختی لەوە کردەوە موشەکەکان لە گوندێکی نزیک عەین ئەسەدەوە هەڵدراون.

لەلای خۆیەوە شانەی ڕاگەیاندنی ئاسایشی سەر بە سەرکردایەتی هێزەکانی ئاسایشی عیراق ئاماژەی بەوەدا " 10 موشەکی جۆری گراد لە بنکەی عەین ئەسەد کەوتوونەتە خوارەوە، هیچ زیانێکی بەرچاویان لێنەکەوتۆتەوە."

سەرچاوەکانی ئاسایشی ڕۆژئاوا بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسیان وت ئەو موشەکانەی بنکەکەیان کردۆتە ئامانج لە جۆری " ئارش " ی ئێرانی بوون و زۆرجار ئەو جۆرە موشەکە بەکاردەهێندرێت دژی شوێنەکانی هاوپەیمانان لە عێراقدا.

تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ڕانەگەیاندووە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG