Accessibility links

ڕاپۆرت - هێزێکی گه‌وره‌ی عه‌ڕه‌بی سونی له‌ نزیک خورماتو


Tuz Khurmatu, Iraq

حه‌سه‌ن محه‌مه‌د ده‌ڵێت:"زۆربه‌ى ئه‌و چه‌كدارانه‌ى له‌په‌ڵكانه‌ كۆبونه‌ته‌وه‌، پاشماوه‌ى داعش و ئه‌نسارولسونه‌ و قاعیده‌ن و له‌ژێر ناو و ئاڵاى تازه‌دا یه‌كیانگرتووه‌."

هێزێكى گه‌وره‌ى عه‌ره‌بى سونه‌، له‌نزیك شاخى غه‌ره‌ له‌ناوچه‌ى په‌ڵكانه‌ى نێوان قه‌زاكانى خورماتو و كفرى دا كۆبونه‌ته‌وه‌، كه‌ كۆبونه‌وه‌ى ئه‌و هێزه‌ له‌و ناوچه‌یه‌ و ده‌سته‌وه‌ستان بوونى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ عێراقیه‌كان به‌رانبه‌ریان، ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كى گه‌وره‌ى دروستكردووه‌.

به‌پێى به‌دواداچونێكى ده‌نگى ئه‌مه‌ریكا، ئه‌و هێزه‌ى له‌و ناوچه‌یه‌ كۆبۆه‌ته‌وه‌ سه‌رجه‌م چه‌كداره‌كانى عه‌ره‌بى سونه‌ن و زۆربه‌شیان خه‌ڵكى ناحیه‌ى سلێمان به‌گ سه‌ربه‌ قه‌زاى خورماتون كه‌ماوه‌ى زیاتر له‌دوو ساڵ و نیوه‌ ناحیه‌كه‌یان له‌داعش پاككراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام حه‌شدى شه‌عبى رێگه‌ى نه‌داوه‌ ئاوه‌دان بكرێته‌وه‌.

حه‌سه‌ن محه‌مه‌د ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سه‌ڵاحه‌دین، به‌ده‌نگى ئه‌مه‌ریكاى راگه‌یاند"زۆربه‌ى ئه‌و چه‌كدارانه‌ى له‌په‌ڵكانه‌ كۆبونه‌ته‌وه‌، پاشماوه‌ى داعش و ئه‌نسارولسونه‌ و قاعیده‌ن و له‌ ژێر ناو و ئاڵاى تازه‌دا یه‌كیانگرتووه‌."

له‌لایه‌كى تره‌وه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار زانیارى وردترى له‌باره‌ى گروپه‌ چه‌كداره‌كه‌ى شاخى غه‌ڕه‌ بۆ ده‌نگى ئه‌مه‌ریكا ئاشكراكرد، روونیكرده‌وه‌ چه‌كداره‌كان سه‌ره‌تا ژماره‌یان 15 بۆ 20 چه‌كداربووه‌، به‌ڵام ئێستا ژماره‌یان زۆر زیادیكردوه‌ و گه‌یشتوه‌ته‌ ( 200 بۆ 300 ) چه‌كدار.

سه‌رچاوه‌كه‌ گوتیشى"فه‌رمانده‌ى چه‌كداره‌كان ناوى خالد سه‌بوریه‌ و خه‌ڵكى سلێمان به‌گه‌، كه‌ پێشتر قاعیده‌ و دواتر داعش بووه‌، هه‌روه‌ها چه‌كداره‌كان نزیكه‌ى 12 كوردیشیان تێدایه‌."

به‌پێى گوته‌ى سه‌رچاوه‌كه‌، چه‌كداره‌كان له‌ گوندى په‌ڵكانه‌ خێوه‌تیان هه‌ڵداوه‌ و ژماره‌یه‌ك ئۆتۆمبێلیشیان له‌جۆرى مه‌رزیه‌ پێیه‌، ناو به‌ناو به‌ناوچه‌كه‌شدا ده‌سورێنه‌وه‌.

چه‌كداره‌كان له‌ئێستادا له‌قۆناغى خۆ رێكخستنه‌وه‌دان و تا ئێستا هیچ چالاكیه‌كى سه‌ربازیان له‌دژى هیچ لایه‌ك به‌ره‌سمى رانه‌گه‌یاندووه‌، به‌ڵام هێزه‌ كوردیه‌كان به‌وردى چاودێرى جم و جۆڵیان ده‌كه‌ن و هێزه‌كانى حه‌شدى شه‌عبیش ترسیان له‌و هێزه‌ هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت پێشتر مامه‌ڵه‌ى حه‌شد له‌گه‌ڵ خه‌ڵكى سلێمان به‌گدا خراپبووه‌.

ده‌رباره‌ى ناو و ناسنامه‌ى چه‌كداره‌كان، حه‌سه‌ن محه‌مه‌د گوتى"چه‌كداره‌كان ناویان ( جیش احرار السنه‌) یه‌، ئاڵاكه‌یان سپیه‌ و وێنه‌ى سه‌ره‌ شێرێكى له‌سه‌ره‌."

كۆبونه‌وه‌ى پاشماوه‌ى گروپه‌ چه‌كداره‌ سونه‌ توندڕه‌وه‌كان له‌ژێر ناوێكى نوێ دا، له‌كاتێكدایه‌ پێشتر ئه‌و چه‌كدارانه‌ كوشت و بڕى یه‌كتریان كردووه‌ به‌تایبه‌ت كاتێك گروپه‌كانیان ناكۆكى له‌نێوانیاندا بووه‌، به‌راى چاودێرانیش ئامانج و مامه‌ڵه‌ى ئه‌م گروپه‌ نوێ یه‌ له‌ دروستكردنى خه‌لافه‌تى ئیسلامی و كوشت و بڕه‌وه‌ بۆ ده‌رهێنانى ناوچه‌ سونه‌نیشینه‌كان له‌بن ده‌ستى هێزه‌كانى حه‌شد گۆڕاوه‌.

هێزه‌ كوردیه‌كانیش پێیانوایه‌ چه‌كداره‌كانى ئه‌و گروپه‌ به‌و پێیه‌ى پێشینه‌یه‌کی توندره‌ویان هه‌یه‌، بۆیه‌ متمانه‌یان پێناكرێت و پێویستیان به‌چاودێرى كردنى به‌رده‌وام هه‌یه‌.

XS
SM
MD
LG