Accessibility links

بەڕێوبەری دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمەریکا بەرگری لە چاوپێکەوتنەکەی دەکات لەگەڵ سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ڕوسیادا


بەڕێوبەری دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمەریکا مایک پۆمپیۆ

بەڕێوبەری دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمەریکا مایک پۆمپیۆ بەرگری لەو چاوپێکەوتنە کرد کە هەفتەی ڕابردوو لەگەڵ بەڕێوبەری دەزگای هەواڵگری ڕوسیادا ئەنجامیداوە لە بنکەی دەزگاکە، ئەمەش لە کاتێکدا دێت کە دوو وڵاتەکە ناکۆکیی سیاسیی و گرژی هەیە لەنێوانیاندا بەهۆی ئەو هەواڵانەوە کە گوایە ڕوسیا دەستی وەرداوەتە هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکاوە لە ساڵی 2016 دا.

بەرپرسێکی دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە مۆسکۆی تاوانبار کرد بەوەی کە سەردانەکەیان ئاشکرا کردووە کە ئەوەش دەبێتە هۆی دروستبوونی گرژییەکی سیاسیی لە واشنتن بەهۆی ئەو لێکۆلێنەوانەوە کە ئێستا دەکرێت لەسەر ئەوەی کە ئایا ڕوسیا دەستی وەرداوەتە هەڵبژاردنەکانەوە و بەریەککەوتن ڕوویداوە لەنێوان ڕوسیا و سەرۆک دانۆڵد ترامپدا یاخوود نا.

سیناتۆری باڵای دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی سیناتدا چەک شومەر پەیامێکی بۆ بەڕێوبەری دەزگای هەواڵگری ناردووە و داوای ڕوونکردنەوە دەکات لە هۆکاری کۆبوونەوەکەی نێوان بەرپرسانی هەواڵگری ئەمەریکا لەگەڵ سێرجی ناریشکینی بەڕێوبەری هەواڵگری دەرەوەی ڕوسیادا.

پۆمپیۆ بە پەیامێک وەڵامی شومەری دایەوە و وتی " عادەتەن کۆبوونەوە ئەنجام دەدەین لەگەڵ هاوتاکانماندا لە دەزگای هەواڵگری ڕوسیا بە هەمان ئەو هۆکارەی کە ئەوانەی پێش ئێمە لە پێناویدا کاریان کردووە، بۆ پاراستنی ئاسایشی ئەمەریکییەکان."

وتیشی " هیچ شتێکی نەگونجاو نیە لەم کۆبوونەوانەدا.

هەروەها وتی " لەم کۆبوونەوانەدا باس لە بابەتی زۆر قورس دەکەین کە بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا و ڕوسیا تیایدا یەک ناگرنەوە. بە بەهێزییەوە بەرگری لە ئەمەریکا دەکەین لەم چاوپێکەوتنانەدا و هەموو هەوڵێک دەدەین."

شومەر ڕازی نەبوو بە وەڵامەکەی پۆمپیۆ و وتەبێژی شومەر بە ناوی مات هاوسەوە لە تویتەر نووسیویەتی " ئەم پەیامە وەڵامی هیچ پرسیارێک ناداتەوە کە کردوومانە سەبارەت بەو سەردانانە."

لەنێو ئەو پرسیارانەدا کە شومەر لەسەری پرسیاری کردبوو چۆنێتی هاتنە ناوەوەی ناریشیکین بووە بۆ ناو ئەمەریکا سەرەڕای ئەوەی کە ناوەکەی خراوەتە ئەو لیستەوە کە بە قەدەغەیە بێتە ناو ئەمەریکاوە. لە ساڵی 2014دا ناوی ناریشیکین چووە ناو لیستی ڕەشی ئەمەریکاوە لە چوارچێوەی وەڵامدانەوەی ئەمەریکادا لە بەرامبەر داگیرکردنی دوورگەی قەرمی ئۆکرانیا لەلایەن ڕوسیاوە.

دوو سەرچاوە دەڵێن ناریشیکین لەگەڵ دان کۆتسی بەڕێوبەری دەزگای هەواڵگری نیشتیمانیدا کۆبۆتەوە لە بنکەکەیی و لەکاتێکدا سەرچاوەی سێیەم دەڵێت بەڕێوبەری دەزگای هەواڵگری ڕوسیا لە بنکەی دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا لە لانگلی ڤێرجینیا لەگەڵ مایک پۆمپیۆدا کۆبۆتەوە.

سەرچاوەی سێیەم وتی ناریشیکین بەڕێوبەری دەزگای هەواڵگری یەکیەتی ئەلیکساندەر بۆرتنیکۆڤی لەگەڵدا بووە.

بەرپرسێکی هەواڵگری ئەمەریکا بە ڕۆیتەرزی وت " ئەمە سوتفە نیە ڕوسیا بڕیاریداوە کۆبوونەوەکە ئاشکرا بکات سەرەڕای ئەوەی چەند ساڵێکی زۆرە ئەم جۆرە کۆبوونەوانەیان لەنێوان بەرپرسانی ئەمەریکی و ڕوسیدا ئاشکرا نەکردووە.

بەرپرسەکە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە و وتی " ئەمە جووڵەیەک بووە کاری بۆ کراوە، نەک تەنها بۆ ئەوە بووە کە ناکۆکییەکان لە ئەمەریکادا زیاتر بکات بەڵکو ئەوەشی سەلماند کە ڕوسیا لە ئاستی نێودەوڵەتیدا گۆشەگیر نیە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG