Accessibility links

ئەمەریکا 60 ڕۆژ دەداتە ڕوسیا تاوەکو پابەند بێت بە پەیماننامەی چەکی ناوەکییەوە


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپیۆ
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپیۆ

ئەمەریکا 60 ڕۆژی دا بە ڕوسیا تاوەکو دان بنێت بەوەدا کە واشنتن وتی ڕوسیا پەیماننامەی چەکی ناوەکیی پێشێل کردووە کە بەپێی پەیماننامەکە دەبێت ئەوروپا خاڵی بێت لە موشەکی ناوەکیی.

وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆ و بەتایبەتی ئەڵمانیا لەمیانەی کۆبوونەوەکەی بڕۆکسلدا فشاریان خستە سەر وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپیۆ تاوەکو ئەمەریکا پێش ئەوەی بکشێتەوە لە پەیماننامەکە ڕێگەی دیبلۆماسی بگرێتەبەر، ئەمەش لە ترسی ئەوەی کێبڕکێیەکی نوێی خۆپڕچەککردن لە ئەوروپا دروست ببێت.

لەبەرامبەر ئەوەدا وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی هاوپەیمانێتی ناتۆ ڕازیبوون لەسەر ئەوەی بە فەڕمی ڕایبگەیەنن کە ڕوسیا ناوەڕۆکی پەیماننامەکەی پێشێل کردووە.

لەلای خۆشیەوە ڕوسیا ڕەتی دەکاتەوە پەرەی بە هیچ موشەکێکی کروزی مەودا ناوەند دابێت کە بتوانێت کڵاوەی ناوەکی هەڵبگرێت و لە ماوەیەکی کورتدا لە شارەکانی ئەوروپا بدات.

لە کاتێکدا کە سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ ڕایگەیاند هەڵمەتێکی سیاسی دەست پێدەکەن تاوەکو ڕوسیا ڕازی بکەن دەستبەرداری ئەوە ببێت کە پەمپیۆ وتی " کۆمەڵێک موشەکی ئێس ئێس سی 8 ی پەرەپێداوە " ، وابڕیارە واشنتن لە مانگی دوودا لە پەیماننامەکە بکشێتەوە.

پەمپیۆ لە میانەی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەیدا لەگەڵ هاوتاکانی لە هاوپەیمانێتی ناتۆ وتی " مەودای ئەو موشەکە وای لێدەکات هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بێت لەسەر ئەوروپا، کارەکانی ڕوسیا ئاسایشی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی تێکدەدات."

پەمپیۆ وتیشی حکومەتی ئەمەریکا لە ساڵی 2013 ەوە نزیکەی 30 جار ئەم بابەتەی لەگەڵ ڕوسیادا باس کردووە، بەڵام ڕوسیا هەمیشە نکۆڵی لەوە کردووە.

وتیشی " بەپێی ئەم ڕاستیانە، ئەمەریکا ڕایدەگەیەنێت کە ڕوسیا ناوەڕۆکی ئەم پەیماننامەیەی پێشێل کردووە و لە ماوەی 60 ڕۆژدا ئەگەر ڕوسیا پابەند نەبێت ئەوا پابەندبوونەکانمان بەپێی پەیماننامەکە ڕادەگرین."

پەمپیۆ ئاماژەشی بەوەدا دوای ئەو ماوەیە واشنتن ناچار دەبێت هاوسەنگی سەربازیی بۆ ئەوروپا بگێڕێتەوە. بەڵام هیچ وردەکارییەکی دیکەی نەدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG