Accessibility links

پەمپیۆ: دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا هێشتا لێکۆڵینەوە لە کوژرانی خاشقچی دەکات


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپیۆ

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپیۆ بەرگری لە بەڕێوبەرایەتییەکەی ئەمەریکا کرد لە بابەتی کوژرانی ڕۆژنامەنووسی سعودی جەمال خاشقچیدا و جەختی لە گرنگی سعودیە کردەوە وەکو هاوپەیمانێکی ئەمەریکا دژی ئێران.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دووپاتی کردەوە هیچ بەڵگەیەکی ڕاستەوخۆ نیە شازادەی جێنشینی سعودیە محەمەد بن سەلمان ببەستێتەوە بە کوژرانی خاشقچییەوە. ئەمەش سەرەڕای هەڵسەنگاندنەکانی دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا کە تیایدا دەڵێن محەمەد بن سەلمان بووە فەرمانی دەرکردووە بە کوشتنی خاشقچی.

لە دانیشتنێکی داخراودا لەبەردەم ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکادا سەبارەت بە کوژرانی خاشقچی، بەڕێوبەری دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمەریکا جینا هاسپێڵ دەرەنجامی لێکۆڵینەوەکانی دەزگاکەی بە ئەنجومەنەکە ڕاگەیاند، پێشتریش لەبەردەم ئەنجومەنی سیناتدا لێدوانی خۆی دابوو سەبارەت بە بابەتی کوژرانی خاشقچی.

ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا هیچ شتێکیان نەدرکاند سەبارەت بە دانیشتنەکە، تەنها ئەوە نەبێت وتیان هیچ شتێکیان نەبیستووە کە ڕایان بگۆڕێت سەبارەت بە کوژرانی خاشقچی.

ئەندامی ئەنجومەنەکە ئیلیەت ئەینجڵ وتی لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا لە دەستپێکی ساڵی داهاتوودا کۆمەڵێک کۆبوونەوە ئەنجام دەدات سەبارەت بە هەڵسوکەوتەکانی سعودیە لە هەموو بوارەکاندا و هەروەها گفتوگۆش دەکەن لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و سعودیە.

ئەینجڵ وتی " سعودیە هاوپەیمانێکی گرنگە، بەڵام پێم وانیە بتوانین چاوپۆشی لەو شتانە بکەین کە ڕوودەدەن و قسە لەسەر شتی ئاسایی بکەین."

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپیۆ لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز سەبارەت بە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا پرسیاری لێکرا و ئەویش لە وەڵامدا وتی " هەندێک لەو ڕاپۆرتانەی کە بینیوتانە سەبارەت بە لێکۆڵینەوەکان بەتەواوەتی دروست نین." بەڵام هیچ وردەکارییەکی دیکەی نەدا.

وتیشی " هێشتا کار لەسەر ئەوە دەکەن. هێشتا گەڕان هەیە بەدوای ڕاستیەکاندا سەبارەت بە کوژرانی خاشقچی." وتیشی هێشتا بەڵگەیەکی ڕاستەوخۆ نیە کە شازادەی جێنشینی سعودیە محەمەد بن سەلمان بە کوژرانی خاشقچییەوە ببەستێتەوە.

هەروەها چەند جارێکیش ڕەتی کردەوە شازادە محەمەد لە پشت کوژرانی خاشقچییەوە بێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG