Accessibility links

کۆشکی سپی: لەم مانگەدا پێنس سەردانی میسڕ و ئەردەن و ئیسڕائیل دەکات


جێگری سەرۆکی ئەمەریکا مایک پێنس
جێگری سەرۆکی ئەمەریکا مایک پێنس

کۆشکی سپی ڕایگەیاند جێگری سەرۆکی ئەمەریکا مایک پێنس لە ماوەی 20 بۆ 23 ی مانگی یەکدا سەردانی میسڕ و ئەردەن و ئیسڕائیل دەکات، ئەم سەردانەش وابڕیاربوو لە سەرەتایی مانگی پێشوودا ئەنجام بدرێت دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ قودسی وەکو پایتەختی ئیسڕائیل ناساند.

کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند مایک پێنس گفتوگۆ لەگەڵ سەرۆکی میسڕ عەبدول فەتاح سیسی و پاشای ئەردەن عەبدوڵا و سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهودا دەکات.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژەش بەوە دراوە کە پێنس لایەنگرێکی بەهێزی بڕیارەکەی سەرۆک ترامپە سەبارەت بە قودس، هەروەها سەردانی دیواری ڕۆژئاوای شارەکە دەکات و وتەیەک لە بەردەم پەرلەمانی ئیسڕائیلدا پێشکەش دەکات.

جێی ئاماژەیە نوێتری بڕیاری سەرۆک ترامپ سەبارەت بە قودس لە مانگی دوانزەی ساڵی ڕابردوودا بوو کاتێک قودسی وەکو پایتەختی ئیسڕائیل ناساند و وتی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە تەل ئەڤیڤەوە دەگوازێتەوە بۆ قودس، ئەوەش کاردانەوەیەکی توندی لێکەوتەوە لەنێو وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیدا.

وتەبێژی پێنس ئیلیسا فەرەح وتی " بەپێی بڕیاری سەرۆک ترامپ جێگری سەرۆک گەشت دەکات بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئەوەی دڵنیاببێتەوە لە پابەندبوونمان بە کارەکانمانەوە لەگەڵ هاوپەیمانانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا لەپێناو لەناوبردنی توندڕەویی کە هەڕەشە لە نەوەکانی داهاتووش دەکات."

وتیشی " وابەنیازە لەگەڵ هەر سێ ڕابەرەکەدا باس لەو ڕێگایانە بکەن کە دەکرێت بگرێنە بەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و باشکردنی ئاسایشی نیشتیمانیمان."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG