Accessibility links

مایک پێنس دەگاتە ئیسڕائیل


جێگری سەرۆکی ئەمەریکا و خێزانەکەی لە فڕۆکەخانەی تەل ئەڤیڤ

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا مایک پێنس سەردانەکەی بۆ ئیسڕائیل دەستپێکرد دوای ئەوەی سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهو بە " هاوڕێیەکی مەزن" ناودێریکرد و فەڵەستینیەکانیش پشتگوێیان خست بەهۆی ئەوەی کە سەرۆک ترامپ قودسی وەکو پایتەختی ئیسڕائیل ناساند.

ئەمەش باڵاترین بەرپرسی ئەمەریکایە سەردانی ئیسڕائیل بکات لەو کاتەوەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ قودسی وەکو پایتەختی ئیسڕائیل ناساند و بەڵێنیدا باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە تەل ئەڤیڤەوە بگوازێتەوە بۆ قودس، کە ئەمەش خاڵێکی سەرەکی ناکۆکیەکانی نێوان فەڵەستین و ئیسڕائیلە.

بەوەی کە فەڵەستینییەکان پێشوازییان لە جێگری سەرۆکی ئەمەریکا مایک پێنس نەکردووە، ئەم سەردانە هەلێک نابێت بۆ دروستکردنی پردێک بۆ گەیشتن بە ئاشتی.

سەردانەکەی پێنس تەنها سوودی دەبێت بۆ گەرمکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسڕائیل و ئەمەریکا.

وەزیری گەشت و گوزاری ئیسڕائیل یاریڤ لیڤین لە فڕۆکەخانەی بن جۆریۆن لە تەل ئەڤیڤ پێشوازی لە مایک پێنس کرد دوای ئەوەی سەردانی هێزەکانی ئەمەریکای کرد لە سنووری سوریا.

لەماوەی ڕابردوودا سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهوو لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیراندا وتی " مایک پێنس هاوڕێییەکی مەزنی ئیسڕائیلە." وتیشی پێکەوە گفتوگۆ لەسەر وەستاندنی دوژمنکارییەکانی ئێران و بەرنامە ناوەکییەکەی دەکەین و هەروەها باس لەو ڕێگایەنە دەکەن کە دەکرێت بگرێنە بەر بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتی لە ناوچەکەدا."

ناتانیاهو وتیشی وابڕیارە ڕۆژی دووشەممە گفتوگۆکان لەگەڵ مایک پێنسدا ئەنجام بدات و وتی " هەرکەسێک بیەوێت ئەوە بەدەست بهێنێت دەزانێت کە هیچ بەدیلێک نیە بۆ سەرکردایەتی ئەمەریکا."

جێی ئاماژەیە مایک پێنس لە سەردانەکەیدا بۆ میسڕ کە یەکەم وڵات بوو لە گەشتەکەیدا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەردانی بکات وتی " واشنتن پشتیوانی لە چارەسەری دوو دەوڵەت دەکات ئەگەر هاتوو ئیسڕائیلییەکان و فەڵەستینییەکان بەوە ڕازی ببن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG