Accessibility links

وزیرانی دەرەوەی ژمارەیەک وڵات کۆدەبنەوە بۆ چۆنیەتی کاردانەوە بەرامبەر سیاسەتی کۆچبەری سەرۆک ترامپ


باڵیۆزی ھۆندوراس بۆ مەکسیک دەڵێت وەزیرانی دەرەوەی مەکسیک و سلڤادۆر و گواتیمالا و ھۆندوراس هەفتەی داهاتوو لە مەکسیک کۆدەبنەوە بۆ وتووێژکردن لەسەر چۆنیەتی کاردانەوە بەرامبەر سیاسیەتی کۆچبەری دانۆڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا.
باڵیۆز ئاڵدن ڕیڤێرا شەوی چوارشەممە لە چاوپـێکەوتنێـکدا گوتی وەزیرانی وڵاتانی ئەمەریکای ناوەند خوازیارن هێڵەکانی پەیوەندی بکەنەوە لەگەڵ لویس ڤێدیگارای وەزیری دەرەوەی مەکسیک بە مەبەستی تاووتوێکردنی کێشەی کۆچبەری و دیاردەی کۆچکردن لە وڵاتانی ئەمەریکای ناوەندەوە. گوتیشی کۆبوونەوەی یەکەمیان دەبێت، بۆیە پـێشبینی ناکات کاردانەوەیەکیان هەبێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد وەزیرانی دەرەوەی هەر چوار وڵاتەکە لە شاری مەکسیکۆ سیتی پایتەختی مەکسیک کۆدەبنەوە. بەڵام وەزارەتی دەرەوەی مەکسیک دەڵێت هێشتا بە فەرمی ڕۆژێـک بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە دەسـتنیشان نەکراوە.
باڵیۆزی ھۆندوراس باسی لەوەش کرد نیگەرانی گەورەی هەیە لە بەرامبەر ئەو گۆڕانکاریـیەی کە بەسەر سیاسەتی کۆچبەری ئەمەریکا دێت و مەکسیک چۆن مامەڵەی لەگەڵدا دەکات کە ئەمەش بۆخۆی کاریگەری بەسەر وڵاتانی ئەمەریکای ناوەندیش دەبێت.
جێی ئاماژەیە سەرۆک ترامپ بەڵێنی داوە بە ملیۆنان کۆچبەری نایاسایی لە ئەمەریکا بگەڕێنێتەوە بۆ وڵاتەکانیان و هەروەها دیوارێـک لەسەر سنووری نێوان ئەمەریکا و مەکسـیک دروستبکرێت.
باڵیۆز ئاڵدن ڕیڤێرا گوتی " هیچ وڵاتێـک ئامادە نیـیە بە لێشاو خەڵکی بۆ ڕەوانەبکەنەوە، بە ڕاستی ئاکامی مەترسیداری دەبێت و ڕەنگە ڕووبەڕووی قەیرانێـکی مرۆیی ببینەوە."

XS
SM
MD
LG