Accessibility links

بەرپرسانی مەکسیک: بوومەلەرزەکەی پـێنجشەممە 90 کەسی کوشتووە و هەزاران ماڵی ڕووخاندووە


بەرپرسانی مەکسیک ڕایانگەیاند بوومەلەرزە بەهێزەکەی شەوی پـێنجشەممەی ڕابردوو لە نزیک کەنارەکانی باشوری وڵات ڕوویدا بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی بە لایەن کەم 90 کەس و دەیان هەزاران ماڵ زیانیان بەرکەوتووە و هەروەها زیانی گەیاندووە بە زیاتر لە دوو ملیۆن کەسی ناوچە هەژارەکانی باشووری وڵاتەکە.

بوومەلەرزەکە لەپێش کەناراوەکانی ویلایەتی چیاباس ڕوویداوە بە گوڕی 8.1 پلە بە پێوەری ڕێختەر، ئەمەش لەو بوومەلەرزەیە بەهێزتر بووە کە لە ساڵی 1985 دا لە شاری مەکسیکۆ سیتی ڕوویداوە و بووە هۆی کوژرانی هەزاران کەس.

بەرپرسانی ویلایەتی واهاکای باشووری مەکسیک درەنگانێکی ئێوارەی شەممە وتیان 71 کەس گیانیان لەدەستداوە و زۆربەیان لە شارۆچکەی خوچیان بوون.

گرتە ڤیدیۆییەکان پیشانی دەدەن لە ناوچەی واهاکا ماڵە بچووکەکان و بیناکان بەتەواوەتی بەهۆی بومەلەرزەکەوە وێران بوون.

فەرمانڕەوایی واهاکا ئەلیخاندرۆ موڕاد بە تەلەفیزیۆنی مەکسیکی وت بوومەلەرزەکە 41 شارۆچکەی گرتۆتەوە و لە هەموو پێنج کەسێکدا کەسێک گیانی لەدەستداوە لە ویلایەتەکە کە ژمارەی دانیشتوانی دەگاتە چوار ملیۆن هاوڵاتی.

ڕۆژی یەکشەممە وتی " باس لە 800 هەزار کەس دەکەین کە لەوانەیە هەموو شتێکیان لەدەستدابێت و هەندێکیان خۆشەویستانیشیان لەدەستداوە."

بە تەنها لە خوچیان بوومەلەرزەکە زیاتر لە پێنج هەزار ماڵی ڕووخاندووە. کارەبا و ئاو بەشێوەیەکی کاتی لە سەدان هەزار هاوڵاتی مەکسیکی بڕاون و هەروەها زۆرێکیان لە باشوور لە ناوچە کەناراوەکان هێنراونەتە دەرەوە.

بەلایەنی کەمەوە 15 کەس لە ویلایەتی چیاباس گیانیان لەدەستداوە و فەرمانڕەواکەی مانوێل ڤیلاسکۆ وتی نزیکەی 41 ماڵ زیانیان پێگەیشتووە و نزیکەی 1.5 ملیۆن کەس زیانیان پێگەیشتووە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە و چوار کەسی دیکە لە ویلایەتی تاباسکۆ لە باکوور گیانیان لەدەستداوە.

سەرۆکی مەکسیک ئینریکی پینیا نییتۆ ماتەمینی گشتی بۆ ماوەی سێ ڕۆژ ڕاگەیاند و بەڵێنیدا هەموو بیناکانی شارۆچکەکان و گوندە وێرانبووەکان دووبارە دروست بکاتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG