Accessibility links

ئۆفیسی لێکۆڵەرەوەی تایبەت لێپرسینەوە لە وەزیری دادی ئەمەریکا دەکات سەبارەت بە دەستوەردانەکەی ڕوسیا


وەزیری داددی ئەمەریکا جێف سێشنس

وتەبێژی وەزارەتی داد وتی هەفتەی ڕابردوو وەزیری دادی ئەمەریکا جێف سێشنس لەلایەن لێکۆڵەرەوەی تایبەت جەمیس مۆڵەرەوە لێپرسینەوەی لەگەڵدا کراوە لەچوارچێوەی لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە دەست وەردانەکەی ڕوسیا لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2016ی ئەمەریکا.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ڕۆژی سێشەممە بڵاویکردەوە سێشنس بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک لێپرسینەوەی لەگەڵدا کراوە وەکو بەشێک لە لێکۆڵینەوەکانی مۆڵەر سەبارەت بە دەست وەردانەکەی ڕوسیا لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکادا بۆ ئەوەی بزانرێت کە ئایا سەرۆک ترامپ بەربەستی دروستکردووە لەبەردەم یاسادا یاخوود نا.

وتەبێژی وەزارەتی دادی ئەمەریکا ئیان پڕایەر هەواڵەکەی بۆ دەنگی ئەمەریکا پشتڕاستکردەوە بەڵام هیچ وردەکارییەکی دیکەی نەدا.

پارێزەرەکەی سێشنس، چەک کوپەر، کە گوایە هاوەڵی وەزیری دادی کردووە لە لێپرسینەوەکەدا، وتی هیچ لێدوانێکی نیە بیدات لەسەر بابەتەکە.

هەروەها ئۆفیسی لێکۆڵەرەوەی تایبەت ڕەتی کردەوە لێدوان بدات.

سەرۆک ترامپ کاتێک سەبارەت بەوەی کە ئایا نیگەرانی هەیە سەبارەت بە شتێک سێشنس بە مۆڵەری وتبێت پرسیاری لێکرا، لە وڵامدا وتی " من بە هیچ شێوەیەک نیگەران نیم."

جێی ئاماژەیە سێشنس یەکەم ئەندامی کابینەکەی سەرۆک ترامپە کە زانرابێت لێپرسینەوەی لەگەڵدا کراوە لەلایەن مۆڵەرەوە. مانگی پێنجی ساڵی ڕابردوو لێکۆڵەرەوەی تایبەت جەیمس مۆڵەر دەستی گرت بەسەر لێکۆڵینەوەکاندا سەبارەت بە دەست وەردانەکەی ڕوسیا، ئەمەش دوای ئەوەی سەرۆک ترامپ بەڕێوبەری پێشووی ئێف بی ئای جەیمس کۆمی لە کارەکەی دوورخستەوە.

سەرچاوە/VOA

XS
SM
MD
LG