Accessibility links

مێرکڵ: پێویستە ئەردۆغان پەنابەران بەکارنەهێنێت بۆ دەربڕینی بێزاریی خۆی


ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئانگێلا مێرکڵ وتی لەوە تێدەگەم ئەردۆغان پێشبینی ئەوە دەکات کۆمەکییەکی زیاتر بکرێت لەلایەن ئەوروپاوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانی پەنابەراندا، بەڵام نابێت پەنابەران بەکاربهێنێت بۆ دەربڕینی بێزاریی خۆی.

زیاتر لە 10 هەزار کۆچبەر کە زۆرینەیان خەڵکی سوریا و وڵاتانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفغانستانن گەیشتنە سنووری وشکانی نێوان تورکیا و یۆنان و بولگاریا، ئەمەش دوای ئەوەی ڕۆژی پێنجشەممە ئەنکەرە وتی چیتر ڕێگری لە کۆچبەران ناکات بەرەو ئەوروپا بڕۆن.

مێرکڵ بە ڕۆژنامەنووسانی وت " تێدەگەم تورکیا ڕووبەڕووی ڕەوشێکی قورس بۆتەوە لە ئیدلب، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بۆ من جێی قبوڵکردن نیە ئەردۆگان و حکومەتەکەی لەجیاتی ئەوەی بێزارییەکەیان لەڕێی گفتوگۆکردنەوە لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا دەرببڕن دەچن لەڕێی بەکارهێنانی پەنابەرانەوە دەریدەبڕن. بە بۆچوونی من ئەمە ڕێگە ڕاستەکە نیە."

مێرکڵ ئاماژەشی بەوەدا دەبێت دانوستانەکانی نێوان یەکێتی ئەوروپا و تورکیا سەبارەت بە ڕێکەوتنەکەیان لەبارەی پەنابەرانەوە دەست پێبکەنەوە.

لەلایەکی دیکەوە سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ئۆرسۆلا ڤۆن دەیر لیین وتی جێی قبوڵکردن نیە ئەنکەرە ڕێگە بە کۆچبەران و پەنابەران بدات بە تورکیادا بپەڕنەوە و بێنە ئەوروپاوە.

ڤۆن دەیر لیین لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی " دان بەوەدا دەنێم تورکیا لە ڕەوشێکی سەختتدایە لەڕووی مامەڵەکردن لەگەڵ کۆچبەران و پەنابەراندا، بەڵام ئەوەی ئێستا دەیبینین ناکرێت وەڵامدانەوە یاخود چارەسەر بێت."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG